ئابوورییەکی داڕماو، زیادبوونی نیگەرانییەکانی گەلی ئێران، لەگەڵ داواکارییەکان کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خێراتر دەبن بۆ گۆڕانکاری، ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی کە لەناوچەکەدا هەن….، ئەو دۆخەیە کە ساڵانێکە کۆماری ئیسلامی ئێران ڕووبەڕووی بووەتەوە.
لە لێدانە یەکلەدوای یەکەکانەوە کە حزبوڵای لوبنانی لاواز کرد، دابەزینی بەرچاوی هێزی بزووتنەوەی حەماس لە غەززە، کە بووە هۆی ڕووخانی هاوپەیمانەکەی “ڕژێمی بەشار ئەسەد”، تادێت ئێران ڕووەو لاوازییەکی ستراتیژی دەبات، وەک چاودێران دەڵێن ئەمە ڕەنگە بەم زووانە ببێتە هۆی داڕمانی.
سووریا نوێنەرایەتی چەقی ستراتژی بۆ ئێران دەکرد، لەڕێگەی ئەوەوە تاران پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ حزبوڵڵا و گروپە چەکدارەکانی دیکە هەبوو، هەروەها سوودی لە بوونی سەربازیی خۆی لە نزیک دەریای ناوەڕاست وەردەگرت، بەڵام ڕووخانی ئەسەد بەشێوەیەکی ڕیشەیی هاوکێشەکەی گۆڕی.
پەتی یارییەکە بچڕا
مەهدی ئەقبائی ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانی بەرەی مقاوەمەی ئێران پێی وایە لێکەوتەکانی هەرەسهێنانی ڕژێمی سووریا بۆ ئێران “توند” دەبن.
ناوبراو لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلحوڕە وتی؛ “لەدەستدانی نفوز لە سووریا ئێرانی لە هاوپەیمانە تەقلیدییەکانی لە ناوچەکە دابڕیوە”.
مەهدی، سووریا بە “پردێکی ستراتیجی” وەسف دەکات بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ حزبوڵڵا، و ناوجەکە توانای ئەوەی پێبەخشی بوو، کە کاریگەری لەسەر جموجولەکانی دەریای ناوەڕاستدا هەبێت.
چەند ڕۆژ لەمەوبەر، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دانی بەوەدانا کە ڕووخانی ئەسەد نوێنەرایەتی “پەککەوتن”ێکی گەورە دەکات لە تۆڕی پشتیوانی لۆجستی بۆ هێزە دڵسۆزەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا.
ناوبراو وتی: ڕووخانی حکوومەتی ئەسەد لە سووریا پاشخانی لۆجستیکی ئەو هێزانەی پەیوەستن بە کۆماری ئیسلامییەوە تێکدەدات.
داڕمانی هێزەکانی بەوەکالەت
ئێران جگە لە لەدەستدانی نفوزی لە سووریا، لە پشتیوانیکردنی گرووپە چەکدارەکانی وەک حیزبوڵڵای لوبنان، حەماسی فەلەستینی و ئەوانی دیکە، ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە.
ئێران ملیارەها دۆلاری بۆ پاڵپشتی ئەو کوتلانە خەرجکردووە، چەک و شارەزایی سەربازیی پێویست بۆ زیادکردنی نفوزیان لە ململانێکانی ناوچەکەدا دابینکردووە.
پەرلەمانتارێکی ئێرانی بە ڕۆژنامەیەکی نزیک لە حکومەتی ئێرانی ڕاگەیاندووە، تاران لە نێوان ٢٠ بۆ ٣٠ ملیار دۆلاری بۆ پاڵپشتی بەشار ئەسەد سەرۆکی سووریا و ڕووبەڕووبوونەوەی داعش خەرجکردووە.
پێشتر و لە ساڵی ٢٠٢٠دا پەرلەمانتاری دەستلەکارکێشاوە، حشمەتوڵڵا فەلاحەت پیشە، کە سەرۆکی لیژنەی ئەوکاتی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە بوو، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ئیعتیماد”ی نیمچە فەرمی ڕایگەیاندبوو، “دەبێت ئێران ئەو پارانە لە سووریا وەربگرێتەوە”.
ئیڤان ساشا شیهان، ڕاگری یاریدەدەری زانکۆی بالتیمۆر، لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلحورە ڕایگەیاندووە؛ “ناتوانایی ئێران لە پاراستنی ئەسەد گوزارشتە لە داکشانی دەسەڵاتە ناوچەییەکەی”.
بە وتەی ڕاگری یاریدەدەری زانکۆی بالتیمۆر، لاوازکردنی ئەم کوتلە چەکدارانە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر توانای ئێران دەبێت بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتە فراوانخوازییەکانی لە ناوچەکەدا.
ڕووخانی ئەسەد هەر بەمانای لەدەستدانی پایەی جیۆپۆلەتیکی گرنگی ئێران نییە، بەڵکوو توانای پاڵپشتیکردنی هاوپەیمانە سەربازییەکانیشی لە ناوچەکەدا کەمدەکاتەوە.
تێد کروز، سێناتۆری ئەمریکی پێی وایە ئێران “دوای ڕووخانی بریکارەکانی، لەدۆخی ترس و دڵەڕاوکێدایەو پێشبینی “ڕووخان”ی دەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە سەعید شەووردی نووسەری ئێرانی لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلحورە ڕایگەیاندووە، “ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، و لاوازی حزبوڵڵا لە لوبنان، بەو مانایە بوو کە ئەو پارەیەی وڵاتەکەمان بۆ ئەو ڕژێمانە خەرجی دەکرد، بەهێزتر بین”.
هەروەها وتی: لە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران لە ساڵی 1979ەوە، ئەمریکییەکان بەردەوامن لە پێشبینی ڕووخانی ڕژیمی ئێران، زۆرجار ئەم پێشبینیانە نادروستن، چونکە تێگەیشتنێکی قووڵیان لە واقیعی ئێران نییە.
قەیرانی ناوخۆ
لە ناوخۆی ئێراندا گوشارەکان بۆ سەر ئێران زیاتر دەبن لەگەڵ خراپتربوونی قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان.
کاردانەوەی نەرێنی شەڕەکانی دەرەوەی وڵات، بەتایبەت زیانە سەربازی و ئابوورییەکانی سووریا، بارگرانییەکانی ئابووری ئێران زیاد دەکەن کە لە ئێستاوە بەدەست گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانەوە دەناڵێنن.
ساشا شیهان، ڕاگری یاریدەدەری زانکۆی بالتیمۆر لەمبارەیەوە وتی: ئاستەنگە ناوخۆییەکانی بەردەم ئێران ئەگەری ڕووخانی زیاتر دەکەن.
سەرچاوە؛ ئەلحورە