ئیسرائیل چەندین پێگەی سەربازیی بە مووشەکی پێشکەوتوو لە سووریا بۆردومان کرد و ڕوانگەی سووریاش دەڵێت لە 2012ەوە ئیسرائیل هێرشی لەو شێوەیە بەهێزی نەکردووەتە سەر وڵاتەکە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ڕوانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەندین پێگەیان لە پارێزگەی تەڕتوس بۆردومانکرد کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای سووریاوە.
ڕوونیشیکردەوە کە یەکەکانی بەرگریی ئاسمانی و کۆگای مووشەکە زەمین بە زەمینەکان لە نێو ئەو شوێنانەدا بوون کە ئیسرائیل بۆردومانی کردوون.
ڕوانگەی سووریا ڕاشیگەیاند لە دوای 2012ەوە ئەوە یەکەمجارە ئیسرائیل هێرشی لەو شێوەیە بکاتە سەر تەڕتوس.
لەلایەکی دیکەشەوە کەناڵی عەرەبییە بڵاویکردەوە کە بۆردومانەکانی ئیسرائیل زیاتر لە هەشت کاتژمێریان خایاندووە و ئاسمانی شارەکەیان بە تەواوی ڕووناک کردووەتەوە.
بە وتەی ئەفسەرێکیش کە داوای کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت، ئیسرائیل بە جۆرە مووشەکێک ناوچەکانی بۆردومان کردووە کە پێدەچێت بۆ یەکەمجار بێت بەکاری هێنابێتن و دەنگیان هێندە بەهێز بووە لە دووری دەیان کیلۆمەترەوە بیستراوە.
ڕوونیشیکردەوە کە ئەو شوێنانەی بۆردومان کراون شاخاوین و پێدەچێت مووشەکەکان بۆ لەناوبردنی ئەو چەک و مووشەکانە بەکارهێنرابێت کە لە نیو ئەشکەوتەکاندا حەشاردراون.