“تورکیا پابەندی ئاگربەست نییە”



ئیدارەی خۆسەر بۆ کاروباری دەرەوە، دەڵێت؛ سەرەڕای دەستپێشخەریەکان لە لایەن ئێمەوە، بەڵام تورکیا پابەندی ڕێککەوتننامەکانی پەیوەست بە ئاگربەست نییە.

 

هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆسەری ڕۆژئاوا، ئیلهام ئەحمەد، ڕایگەیاند، تورکیا پابەند نییە بە ڕێککەوتنەکانی ئاگربەستەوە، سەرەڕای ئەو دەستپێشخەریانەی خراونەتە بەردەمیان.

 

دەشڵێت؛ تورکیا و گرووپە بەکرێگیراوەکانی لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێرشی یەک لەدوای یەکیان بۆ سەر شارەکانی مەنبەج و کۆبانی دەستپێکردووە.

 

ئەحمەد لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلحەدەسی عەرەبی وتی؛ دانوستان هەیە بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشانەی تورکیا و گرووپە بەکرێگیراوەکانی سەر بە تورکیا بۆ سەر مەنبەج و کۆبانی، بەڵام تائێستاش هێرش بۆ سەر بەنداوی تشرین بەردەوامە، کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی کارەساتێکی گەورەی مرۆیی.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا و فەرەنسا بەردەوامن لە فشارخستنە سەر تورکیا، بەڵام تورکیاو بەکرێگیراوان، بەردەوامن لە هەوڵدان بۆ داگیرکردنی خاکی زیاتر لە سووریای نوێ و ئەو وڵاتە دەستپێشخەریەکان دەقۆزێتەوە بۆ جێبەجێکردنی پلانێکی فراوانخوازانە بۆ داگیرکردنی تەواوی سنوورەکانی سووریا.

 

لە وەڵامی پرسیارێکیشدا تایبەت بەکاروباری ناوخۆی سووریا، ئیلهام ئەحمەد وتی؛ “نەخشەی داهاتووی سووریا دەبێت لەسەر دەستی خودی سوریاییەکان دابڕێژرێتەوە”، هاوکات ئامادەیی ئیدارەی خۆسەری بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا، لەڕووی سیاسی و سەربازییەوە دەربڕی.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، مۆدێلی هەرێمی کوردستانی عێراق ناتوانرێت بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جێبەجێ بکرێت، بەو پێیەی لە ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەردا چەندین پێکهاتە و مەزهەب هەیە، بۆیە بابەتەکە تەواو جیاوازە.

 

وتیشی؛ ئەزموونەکەمان، لەباکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئامانجی دامەزراندنی “لامەرکەزییەتی جوگرافییە بە هەماهەنگی لەگەڵ پایتەخت “.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا ئیلهام ئەحمەد داوای کرد ڕۆڵی نێوەندگیرە ئەوروپاییەکان چالاکتر بێت لەگەڵ تورکیا و بەر لە پاوانخوازی و دەستوەردانەکانی تورک بگرن کە دەیەوێت گەلەکەمان لە ناو ببات.

کۆچ و کۆچبەرانی عێراق: نەوت بەسەر خێزانە ئاوارەکان لە هەرێم دابەش دەکەین
پێت کۆچ و کۆچبەرانی عێراق: نەوت بەسەر خێزانە ئاوارەکان لە هەرێم دابەش دەکەین
عەتوانی: دەمانەوێت هەرێمی کوردستان دەست بە هەناردەکردنی نەوت بکاتەوە
دوات عەتوانی: دەمانەوێت هەرێمی کوردستان دەست بە هەناردەکردنی نەوت بکاتەوە
پەیوەنیدر