سەرۆكی فراكسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی توركیا وەڵامێكی توندی ئاكەپە و مەهەپە دەداتە و ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر ئاسایشی ئێوە پەیوەستە بە لەناوبردنی زمان و گەلی ئێمە، دژتان دەوەستینەوە.
گوڵستان کیلیچ، سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا لە وتارێكدا ڕایگەیاند، ئاكەپە و مەهەپە پشتگیری لە بەرەی نوسڕە و تەحریری شام و د١عش دەکەن، ئەوانە کێشە نین بۆ تورکیا، بەڵام بۆ ئێمە بەرگریکردن لە کورد لە نیشتیمان و خاک و شارەکانی خۆمان هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی تورکیا.
ڕاشیگەیاند، بەخودا ئەگەر ئاسایشی ئێوە پەیوەستە بە لەناوبردنی زمان و گەلی ئێمە، ئەوا ڕێتان پێنادەین و دژتان دەوەستینەوە و ناهێڵین ئەو کارە بکەن.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا و هاكان فیدانی وەزیری بەرگری لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەدەوە لە سووریا چەند جارێك لێدوانیان دژی كوردانی ڕۆژئاوا داوە و بە “تیرۆرست” وەسفیان دەكەن و داوای چەك دانان لە هێزە كوردییەكان ڕۆژئاوا دەكەن و لەڕێگەی گرووپە چەكدارەكانی سووریاوە چەند جارێك هێرشیان كردۆتە سەر ناوچەكانی ڕۆژئاوای كوردستان و هێزەكانی هەسەدە.