ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، دواکەوتنی هەمواری یاسای بودجە کاریگەری لەسەر دابەشکردنی مووچە نابێت و لە ساڵی داهاتوودا دابەشكردنی مووچە بەردەوام دەبێت.
مستەفا كرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، بودجەی گشتیی عێراق بودجەیەکی سێ ساڵییە، واتە کارکردن پێی لەماوەی ئەو سێ ساڵەی، کە دیاریکراوە بەردەوام دەبێت، ئەگەرچی هەمواری بڕگەیەکی یاساکە کە تایبەتە بە خەرجی کردارەکی دواکەوتبێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، دابەشکردنی مووچە بۆ ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت و ئەو پرۆژانەی دەستیانپێکراوە کارکردن تێیاندا بەردەوام دەبێت، بەڵام ناتوانرێت دەست بە پڕۆژەی نوێ بکرێت هەتا ئەو کاتەی هەموارەکە پەسەنددەکرێت.
وتیشی، “هەرچەندە بڕیاربوو پێش کۆتاییهاتنی ئەم وەرزەی پەرلەمان هەمواری یاسای بودجە پەسەندبکرێت، بەڵام نەتوانرا و بۆ دوای پشوو دواخرا”.