بەپێی لێکدانەوەکان لەمساڵدا حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ مانگێک لەوادەی خۆیدا مووچەی بەسەر مووچەخۆرانی هەرێم دابەشنەکردووە، هاوکات مانگانە حکومەتی هەرێم و بەغدا یەکتریان بە دواخستنی مووچە تۆمەتبار دەکرد، ئەمە جگە لەوەی کە بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی هەبوو لەسەر دوانەخستن و ڕانەگرتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.
لەماوەی 12 مانگی ئەمساڵدا، تەنها 9 مووچە دابەشکراوە، و هێشتا چارەنووسی سێ مووچەی کۆتایی ئەمساڵ دیارنییە، ئەمە لەکاتێکدا پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دوای کۆبوونەوەی شاندی هەرێم و تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق لە بەغدا، دارایی هەرێم ڕایگەیاند ڕۆژی سێ شەممە 17ـی کانوونی یەکەم دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکەن.
بەپێی شیکارییەک ئەو نۆ مووچەیەی ئەمساڵ دابەشکراوە هیچ مانگێک لە 40 ڕۆژ کەمتر نەبووە، هاوکات لەماوەی دوو مانگی ڕابردوودا ئەو بەڵێنانەی لەبارەی دابەشکردنی دوو مووچەوە درابوو، هیچییان جێبەجێ نەکران.
لە کابینەی نۆیەمدا، حکومەتی هەرێم لە 66 مانگی رابردوودا، تەنها 43 مانگیان مووچەی تەواوەتی دابەشکردووە، هاوکات 10 مانگ بەلێبڕینەوە و 10 مانگیش هەر دابەشنەکرا.
ئەمە وێڕای ئەوەی هێشتا مووچەی سێ مانگی ئەمساڵیش تا ڕاگەیاندنی لیستی مووچە چارەنووسی نادیارە.
بەپێی ئەم شیکارییە کۆی شایستەی مووچەی مووچەخۆران لای کابینەی نۆ 13 ترلیۆن و 118 ملیار دینار دەخەمڵێندرێت.
هاوکات لە کابینەی هەشتەمی حکومەتیشدا، کۆی شایستەی مووچەخۆران لای حکومەتی هەرێم بە بڕی 10 ترلیۆن و 597 ملیار و 997 ملیۆن دەخەمڵێنرێت.
دەتوانین بڵێین بەکۆی هەردوو کابینەکە، مووچەخۆران بڕی 23 ترلیۆن و 715 ملیار و 997 ملیۆن دینار شایستەیان لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە.