حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند لە سیشەممەوە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 10 دەکەن و سوپاسی “خۆڕاگریی” مووچەخۆرانیش دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “بە پێی بڕیاری دوا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران و لە سەر ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، شاندێکی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدادیان کرد بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە وشایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆکان ئەرێنی بوون و لەیەکتێگەیشتنی هاوبەش هاتووەتەدی بۆ دابینکردنی شایستەکانی مووچەخۆرانی هەرێم”.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە “لە ڕۆژی سێشەممەوە 12/17 دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 10 دەکرێت و لەگەڵ گەیشتنی تەواوکارییەکانی مووچە، مووچەی مانگەکانی تریش بە زووترین کات دابەش دەکرێت”.
حکومەتی هەرێم ڕاشیگەیاند “سوپاسی خۆڕاگری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکەین و دڵنیایان دەکەینەوە کە بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری مافەکانیان نابین”.