ئەسەد لای ئێڕان شکاتی لە تورکیا کردووە



بەشار ئەسەد، بەر لە ڕووخانی سکاڵای لای ئێرانییەکان کردووە کە تورکیا یارمەتی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دەدەن بۆ ڕووخانی دەسەڵاتەکەی

ئاژانسی ڕۆیتەرز لەزاری دوو بەرپرسی ئێرانی ڕاگەیاندووە، بەشار ئەسەد، سەرۆکی لەسەرکار لادراوی سووریا لە دوایین ڕۆژەکانی بەر لەکارلابردنی، سکاڵای لەلای وەزیری دەرەوەی ئێران کردووە، کە تورکیا بە توندی پاڵپشتی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دەکات لە هێرشەکانیان بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتەکەی.

پێنج دەیە دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو کۆتایی هات کاتێک سەرۆک کۆمار بەرەو مۆسکۆ هەڵهات و لەوێ حکومەتی ئەو وڵاتە مافی پەنابەری پێدا.

ئێران لە شەڕی ناوخۆی درێژخایەنی سووریادا پشتیوانی ئەسەدی دەکرد و لەکارلادانی ئەسەدیش بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک گورزێکی گەورە لە “میحوەری بەرەنگاری” بە سەرۆکایەتی ئێران سەیر دەکرا، کە هاوپەیمانییەکی سیاسی و سەربازییە و دژایەتی بوونی ئیسرائیل و ئەمریکا دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە کاتێکدا چەکدارانی دەستەی ئازادی شام کە پێشتر هاوپەیمانی قاعیدە بوون، دەستیان بەسەر شارە گەورەکاندا گرت و بەرەو پایتەخت پێشڕەوییان دەکرد، ئەسەد لە 2ی کانوونی دووەم لە دیمەشق لەگەڵ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە. بە وتەی بەرپرسێکی باڵای ئێران، لە میانی دیدارەکەدا ئەسەد توڕەیی خۆی دەربڕی بەرامبەر بەو هەوڵانەی کە بە وتەی ئەو چڕکردنەوەی هەوڵەکانی تورکیایە بۆ دوورخستنەوەی.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد، عێراقچی دڵنیایی داوەتە ئەسەد لە بەردەوامی پشتیوانی ئێران و بەڵێنیشی داوە ئەو پرسە لەگەڵ ئەنقەرە بوروژێنێت. ڕۆژی دواتر عێراقچی لەگەڵ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە و نیگەرانییەکانی سووریا و تارانی سەبارەت بە پشتیوانی ئەنقەرە بۆ پێشڕەوی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دەربڕی.

بەرپرسێکی دیکەی ئێرانی وتویەتی: گرژی بەسەر کۆبوونەوەکەی هاکان و عێراقچیدا زاڵ بووە، ئێران ناڕەزایی خۆی لە لایەنگری تورکیا بەرامبەر بە ئەجێندای ئەمریکی و ئیسرائیل دەربڕیوە و نیگەرانییەکانی ئەسەدیشی گەیاندووە، بە ئاماژەدان بەپشتیوانی ئەنقەرە لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا و هاوکارییەکانی کە یەکدەگرێتەوە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا و ئیسرائیل.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد، فیدان ئەسەدی بە هۆکاری قەیرانەکانی ناوچەکە زانیوە و جەختیشی لەوە کردەوە کە بەشدارینەکردنی لە دانوستانەکانی ئاشتی ڕاستەقینە و چەندین ساڵ حوکمڕانی ستەمکارانە بەو دۆخەی گەیاندووە.

فیدان ڕۆژی یەکشەممە لە دەوحە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند؛ ڕژێمی ئەسەد “کاتی بەنرخ”ی هەبوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێستای سووریا، بەڵام نەیکرد و لەبری ئەوە ڕێگەی بە “هێواش هەڵوەشاندنەوە و داڕمانی ڕژێمەکەی” دا.

لەلایەکی دیکەوە ئایەتوڵڵا خامنەیی، ڕێبەر یباڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لەکارلادانی ئەسەد لە ئەنجامی پلانێکی ئەمریکا و ئیسرائیل بووە و بە یاریدەی وڵاتێک، کە مەبەستی تورکیا بووە.

ئەمڕۆ دوو مووچەی توێژێک دابەش دەکرێت
پێت ئەمڕۆ دوو مووچەی توێژێک دابەش دەکرێت
بلینکن:پێویستە هەسەدە بەردەوامبێت لە ئەرکەکەی
دوات بلینکن:پێویستە هەسەدە بەردەوامبێت لە ئەرکەکەی
پەیوەنیدر