وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ی لە سووریا بە گرنگ ناودوبات و دەڵێت: بۆ ئەوەی داعش نەتوانێت سود لە بارودۆخی ئێستای سوریا ببینێت، “پێویستە هێزەکا ی سووریای دیموکرات بەردەوام بن لەئەرکەكانیان
“. ئەنتۆنی بلینکن، رۆژی شەممە 12ـی کانوونی یەکەمی 2024 لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەندەری عەقەبەی ئوردن وتی، ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و تورکیا و وڵاتانی عەرەبی ڕێککەوتون لەسەر پێویستی پێکهێنانی حكومەتێكی گشتگیر و ناتائیفی لە سووریا، پێویستە پڕۆسەی پێکهێنانی ئەو حکومەتە لە ژێر ڕێنمایی هاووڵاتیانی سووریا و لە ڕێگەی خەڵكەكەیەوە بەرەوپێش بچێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، دوای هەڵهاتنی بەشار ئەسەد و پێنج دەیە حکومرانی خراپ لەسووریا، هاووڵاتیانی لەهەموو کات زیاتر پێویستیان بە یارمەتی بەرفراوان هەیە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە.
بلینکن باسی لەوەشكرد، ڕوداوەکانی ناوخۆی سووریا دەتوانن لێکەوتەی بەهێزی هەبێت لە دەرەوەی ئەو وڵاتە، وەک ئاوارەبوونی بەکۆمەڵی خەڵک و تیرۆر، بۆیە نابێ ئالنگارییەكانی ئێستا بە کەم سەیر بکرێن.
ناوبراو ستایشی هەڵکردنی ئاڵای سووریای لە لایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان کرد و وتی: پێویستە هێزەکانی سووریای دیموکرات بەردەوام بن لە ئەرکەكانیان و ڕۆڵی ئەوانی لە بەرەنگاربونەوەی هێزەکانی داعش و دەستگیرکراوانی داعشی بە “گرنگ” ناوبرد و جەختی لەوەکردەوە، “بۆ ئەوەی داعش نەتوانێت سود لە بارودۆخی ئێستای سووریا ببینێت، پێویستە هێزەکانی سوریای دیموکرات بەردەوام بن ئەرکەكانیان”.