بەعسی عێراق و سوریا دوانەی فاشیین



مەلا بەختیار

دووانە :واتە لەدایک بوونی دوو کۆرپە، ھەولێر پێی دەڵێ جمک. کەلھوڕیش پێی دەڵێ لفانە. بەڵام ئێستا دووانە لەئەدەبیاتی کوریدا چەسپاوە.

بەعس 1947 میشیل ئەفلەق بیرمەندی مەسیحی عەرەبی، لەژێر کاریگەری ھەژمونی نازیزم و فاشیزم دایمەزراندووە. سەرەتا لەسەرەتای 40 کانەوە بە ھزری فاشیانەی ناو لاوانەوە دەستیان پێکرد. دوای چەندین ساڵ حیزبی بەعسی ئیشتراکیان پێ دامەزراند. دروشمە سەرەکییەکەیان، کە بنچینەی فاشیەتی عەرەبیان لەسەر دامەزراند( امە عربیە واحدە، ذات رسالە خالدە) دروشمە سیاسییەکەشیان بۆفریودانی خەڵک( وحدە، حریە، اشتراکیە)یە.

بنچینەی ھزری فاشی بەعس، لەدروشمە سیاسیەکەیاندا دیارە، کەباسی یەکێتی نەتەوەیی عەرەب و خاوەن پەیامی نەمر، دەکەن. ئەم دروشمە لەو ھەلومەرجە ئابوری، سیاسی، کلتوری و باری دەرونی عەرەبدا، تەنھا بۆ دژایەتی کردنی بزوتنەوەی سیاسی و چەپەکان بەرز کراوەتەوە. کتومت وەکو ئیتاڵیا و ئەڵمانیا.

دوای ساڵەھا لە دامەزراندنی حیزبی بەعس، ھێندەی خەریکی قوڵکردنی ناکۆکی بوون، لەتەک چەپ و دیموکرات خوازەکان و دژایەتی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان لە سوریاو عێراق، زۆر کەمتر ئەرکەکانی دیموکراسی و نیشتیمانیان لە ووڵاتانی عەرەبیدا ڕادەپەڕاند.

ئەم حیزبە بەدرێژایی مێژووی خۆی تا سەرەتای 60 کان، بەشداری ھیچ ھەڵبژاردنێکی نەکردووە، ھەتا پێگەو متمانەی ڕایگشتی بزانرێت. ئەمەش دەیسەلمێنێت، وەکو خەسڵەتی فاشیەتی ووڵاتانی دواکەوتو، زۆرتر پشتی بە کودەتای عەسکەری بەستووە.

فاشییەت لە ئیتاڵیاو نازییەت لە ئەڵمانیا، دوای سەرکەوتنی شۆڕشی پیشەسازی و سیستەمی دیموکراسی، لەناو قەیرانی سەرمایەداری و مەترسی بردنەوەی دیموکرات و چەپەکان، پشت ئەستور بەکۆمپانیا زەبەلاحە زیان لێکەوتوانی قەیرانی سەرمایەداری، سەریان ھەڵداو سەرکەوتن. بەڵام فاشییەتی ووڵاتانی دواکەتو ، لەنەبونی شۆڕشی پیشەسازی و سیستەمی دیموکراسی، قەیرانی شکستی حکومەتەکانی پاشکۆکانی کۆڵۆنیاڵیزم و ڕوونەدانی وەرچەرخانی کۆمەڵایەتی و نەبوونی ئازادی عەقڵ و ڕۆشنگەری و دیموکراسی، بەدروشمی فریودەرانەی ڕزگاری نەتەوە و ڕێکخستنی نەتەوە، وەکو بەدیلی ستراتیژی، سەر ھەڵدەدەن.

بەحوکمی ئەوەی 40 کان و 50 کان و ھەتا 60 کانیش، ووڵاتانی عەرەبی لێوان لێو بوون، لە قەیرانی ئابوری، سیاسی، ھەروەھا قەیرانی دیموکراسی و چەپ. بۆیە لە سوریا و عیراق بەعسی فاشی سەرکەوت. لەھەندێ ووڵاتی عەرەبی میسر، لیبیا، یەمەن، کودەتای سەربازی سەرخرا. ووڵاتانی کەنداو، مەغرب، ئوردن، بەشێنەیی پاشاکان ئەیبەن بەڕێوە. لەڕاستیدا ئەم سیستەمانەی میرو پاشاکان، زادەی دەسەڵاتی ڕاستەقینەی کۆمەڵی نیمچە دەرەبەگ و نیمچە بۆرژوازی ووڵاتانی دواکەتوی عەرەبین. بەپێچەوانەوە، ھەموو ئەو ووڵاتانەی کران بە کۆماری، بەبێ ئەوەی ھەلومەرجی بابەتی دامەزراندنی کۆمارو دیموکراسی ڕەخسابێت، بە کودەتا کۆماریان سەپاند، بەڵام کە کۆمار توشی قەیرانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، دیموکراسی و سیستەم گەرایی دەبێت، کودەتاچییەکان ھەڵدەگەڕێنەوە بۆسەر بنەچەی فاشییەتی خۆیان و بۆ پاراستنی دەسەڵاتی ستەمـکارانەیان، بێڕادە دووچاری تاوان و تاڵانی و کاولکاری بوون. ملیۆنەھا کەسیان کرد بەقوربانی سیاسەتی ئەو حیزبانەی بەدەر لە پڕۆسەی سروشتی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی دایانمەزراندبوون، بۆیە بەئاسانی لە دروشمەکانیان ھەڵدەگەڕانەوەو سوپاو زیندانیان دەکردە دەسکەلای پاراستنی دەسەڵاتەکانیان.

لەگەوھەردا، ھیچ جیاوازیەک لەنێوان بەعسی عێراق و سوریا نەبوو. بەعسی عێراق خێڵە تکریتیەکانی عەرەب ڕابەرایەتیان دەکرد. بەعسی سوریاش تایفە دواکەوتوەکانی عەلەوی ڕابەرایەتیان دەکرد. ئەم دوو حیزبە دورو نزیک باوەڕیان بە دیموکراسی و ئازادی و سۆشیالیزم نەبوو. ھەروەھا نەک یەکێتی نەتەوەیی عەرەبیان بەدی نەھێنا، بەڵکو پەیوەندی ئاسایی نەتەوەی عەرەبیشیان تێک و پێک دا. تەنانەت عەرەبی عێراق و عەرەبی سوریاشیان دا بەگژ یەکدا. زیاتر لەو ڕاستیانەش، بوون بە مایەی لەباربردنی بزوتنەوەی ناسڕیش کەلە میسر سەری ھەڵدا.ھەروەھا بزوتنەوەی سۆسیالستی عەرەبیشیان خستە پەراوێزی ڕوداوەکان.

ساڵی 1963 کەتکریتیەکانی عێراق و عەلەویەکانی سوریا ھاتنە سەر حوکم، لە عێراقدا حەرەس قەومی وەکو بەدناوترین خوێن ڕێژی عێراق، لەماوەی ساڵێکدا زۆرترین تاوانیان بەرامبەر حیزبی شیوعی عێراق و دیموکرات خوازەکان و کورد ئەنجامدا. بەعسی سوریاش سیاسەتی پشتوێنی سەوزی بۆ توانەوەی کورد سەپاند. لەدژایەتی کردنی کۆمۆنیستەکان و دیموکرات خوازەکان درێغی نەکرد. کتومت ھەر ئەو سیاسەتەیان سەپان کە لە سەرەتاوە باسمان کرد، ئەویش دژایەتی چەپ و دیموکرات خوازەکان بوو، بەپاساوی خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەی عەرەب. مۆسۆلۆنیش ھەر ئەوەی کرد لەئیتاڵیا، ھەروەھا ھیتلەیرش لە ئەڵمانیا.

حەفتەیەک بەسەر ڕوخانی بەشار ئەسەد تێپەڕی. 21 ساڵیش بەسەر ڕوخاندنی سەدام. چۆن لەدوای ڕوخاندنی سەدام، سەرقاپی تاوانەکانیان ھەڵدرایەوە. لەدوای ڕوخاندنی بەشار، زۆر خراپتر پەردە لەسەر تاوانەکانی بەعسیەکانی سوریا ھەڵدرایەوە. زیندانیەکانی زەمانی بەعس کە ڕووخان، زۆر کەمتربوون لە زیندانیەکانی بەشار. لەکوێی دنیا بووە ھاوڵاتی 40 ساڵ زیندانی بکرێت کەس نەزانێت لەکوێیە. بەسەدان زیندانی یادەوەریان سڕاوەتەوە. ئەمە جگە لەوەی شەش ملیۆن و 800 ھەزار کەس لە سوریا دەربەدەر کراون. زیاتر لە سەدا 60ی سوریا وێران بووە.

سەیر ئەوەیە کە سەیری مێژوویی ئیتاڵیا و ئەڵمانیا دەکەین، بەجەنگی دەرەکی زۆرترین تاوانیان ئەنجامدا. ھەر جەنگی دەرەکی و داگیرکاریش فاشیەکانی ئیتاڵیاو نازیەکانی ئەڵمانیای ڕوخاند. عێراق بەسەپاندنی جەنگ لە کوردستان و کیمیاباران و ئەنفال نەڕوخا. عێراق بەسەرکوت کردنی دیموکرات خوازەکان و چەپەکان و پەرچەکرداری لاوازیان، لەناو نەبرا. تەنانەت عێراق بە جەنگی ناڕەوای دژی ئێران، بەحوکمی ھاوکێشەکانی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی، خۆیگرت. جەنگی کوێت و کاردانەوەی ھاوپەیمانەکان و گەمارۆی ئابوری، بەعسی فاشی عێراقی ڕوخاند. بەڵام بەعسی سوریا، جەنگی ناوخۆیی ڕوخاندی. واتا جەنگی دەرەکی فاشیەکانی تری ڕوخاند، بەڵام بەعسی فاشی سوریا جەنگی ناوخۆیی ڕوخاندنی. سوپای سوریا ھێندە نائومێدبوون، لە چارەنوسی ڕژێمەکەیان بە 11 ڕۆژ ھەرەسیان ھێنا. تەنانەت ڕوسیاو ئێرانیش نەیان توانی لەو ھەرەسە ڕزگاری بکەن. ئەمەش دەریدەخات، کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ئیقلیمیش، ھاوپەیمانییە سیاسی و عەسکەری و ئاسایشی ووڵاتان، لەمەودوای سیاسەتی نێونەتەوەیی و ئیقلیمی، سەراپا پیاچونەوەی دەوێت. جیھان و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش بەرەو ئەو گۆڕانکاریانە کەوتونەتەڕێ.

 

“ناتانیاهۆ بەئەنقەست بارمەتەکانی کوشتووە”
پێت “ناتانیاهۆ بەئەنقەست بارمەتەکانی کوشتووە”
سەرژمێری ئەمشەو کۆتایی دێت
دوات سەرژمێری ئەمشەو کۆتایی دێت
پەیوەنیدر