دوابەدوای پارێزگای سلێمانی، پارێزگای كەركوك نووسراوی بۆ تەوتینی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی كوردی لە كەركوك بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق نارد.
پارێزگای كەركوك لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بە ئامادەبوونی شێخ سەباح حەبیب، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و عەبدوڵا میروەیس و پەروین فاتیح، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا، ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک چاوی كەوت بە ژمارەیەک سەرپەرشتیاری خوێندنی کوردی و مامۆستایانی خوێندنگەکانی شاری کەرکوک لە سەر میلاكی وەزارەتی پەروەردە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان.
جەختی كردەوە، لە پەرۆشی ئیدارەی كەركوك بۆ دابین کردنی شایستەكانی كارمەندانی پەروەردە بۆ ئەوەی ببێتە مایەی خزمەتکردنیان و پەرەپێدانی پرۆسەی پەروەردەیی خوێندنی کوردی لە شارەكەدا.
ڕێبوارتەها سەبارەت بە تەوتینی مووچەی مووچەخۆران لەپارێزگای کەرکوک ڕایگەیاند، هەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونیەوە وەک پارێزگاری کەرکوک نووسراویان ئاڕاستەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە بەمەبەستی تەوتینکردنی مووچەی فەرمانبەران.
ئاماژەی بەوەشدا، ئێستا لەسەرهێڵین بۆئەوەی مووچەی مامۆستایانی سەر بەوەزارەتی پەروەردەی هەرێم، میلاکی پەروەردەی کەرکوک و دانیشتوانی کەرکوک تەوتین بکرێت لە بانکەکانی شارەکەدا.