پەرلەمانی هۆڵەندا دەنگی دا لەسەر دوو پڕۆژە بڕیار بۆ پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستان و پێکهاتەکانی سووریا و چەسپاندنی سیستمێکی دیموکراسی لەو وڵاتەدا.
پەرلەمانی هۆڵەندا داوا دەکات حکومەتی هۆڵەندا و یەکێتیی ئەورووپا وابکەن مافەکانی کورد لە قۆناغی ڕاگوزەردا لە سووریا دەستەبەر بکرێن و، “کورد، ئێزدی و کریستیان لە مەترسیی تووندڕۆیی و جیهادیزم و تیرۆریزم بپارێزرێن”.
بەپێی بڕیارەکەی پەرلەمانی هۆڵەندا، كە لە کۆی ١٤٩ پەرلەمانتار ١٤٦ پەرلەمانتار دەنگیان لە بەرژەوەندیی ڕۆژئاوای کوردستان دا، كە تیایدا حکومەتی هۆڵەندا پابەند دەكات، لەسەر ئاستی پەیوەندیی نێوان دوو دەوڵەتدا، داوا لە تورکیا بکات “دەستبەجێ هێرشی سەر کوردانی سووریا بوەستێندرێن”.
جەختیشكراوەتەوە، “مافەکانی کورد لە سووریای داهاتوودا دەستبەر بکرێن”.
پڕۆژە بڕیارەکە لەلایەن پەرلەمانتاران (کاتی پیری، پەرلەمانتاری پێشووی یەکێتیی ئەورووپا و پەرلەمانتاری ئێستای پارتی (کرێکاران و سەوزەکانی هۆڵەندا) و یان پاتەرنۆتە، پەرلەمانتاری پارتی لیبراڵی ٦٦ـەوە) پێشکەش کرابوو.