وتەبێژی وەزارەتی دارایی ڕایدەگەیەنێت، سبەینێ شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی وەزیری دارایی دەچێتە بەغدا و لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق كۆدەبنەوە بۆ چارەسەركردنی گرفتی مووچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ و هەمواری بەدجەی ساڵی 2025 و دەشڵێت،” هەوڵەكان بۆ ئەوەیە مووچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ بتوانرێت دابەشبكرێت.”
هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم بە (دەنگی ئەمریكا)ی ڕاگەیاند،” سبەی شاندێكی باڵا بە سەرۆكایەتی جەنابی وەزیری دارایی دەچێتە بەغدا و لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق كۆدەبێتەوە، بە مەبەستی چارەسەركردنی بابەتی مووچەی سێ مانگی ئەمساڵ، خۆشبەختانە بەشێكی زۆری كێشەكان چارەسەر بووە، ماوەتەوە تەمویل بكرێت.”
وتیشی،” هەتا پێنج شەممەش بڕیاری خەرجكردنی پارەكە دەرنەچووبوو تا بخرێتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی هەرێم، بەڵام بە هیواین سبەی شاندەكە دەچێتە بەغدا، تەمویلی مانگی 11 و 12ش بكرێت و بتوانین كێشەی سێ مووچەی ئەمساڵ چارەسەر بكەین.”
وتەبێژی وەزارەتەكە جەختیشی كردەوە لەوەی،” هەموو هەوڵەكانمان بۆ ئەوەیە بتوانین مووچەی هەر سێ مانگەكەی ئەمساڵ دابەش بكەین.”
حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی موچەی موچەخۆران، مانگانە پێویستی بە سەرووی 990 ملیار دینارە، لەكاتێكدا حكومەتی عێراق 761 ملیار دیناری بۆ موچەی مانگی 10 ڕەوانە كردووە، بۆیە هەرێم بە بیانووی كورتهێنان تا ئێستا مووچەی مانگی 10ی دابەش نەكردووە و نزیكەی 73 ڕۆژە مووچەخۆران مووچەیان وەرنەگرتووە.
وەك وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت: وەزارەتی دارایی عێراق ڕەزامەندی داوە لەسەر ناردنی 430 ملیار دیناری تر بۆ هەرێم بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنان، بەڵام تا پێنج شەممەش ئەو بڕە پارەیە ڕەوانەی هەرێمی كوردستان نەكراوە و نەخراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت لە سەرەتای هەفتە بڕە پارەكە بگاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم.
دابەش نەكردنی مووچە كاریگەری لەسەر مووچەخۆران دروستكردووە و بەو هۆیەشەوە بەشێكی زۆر لە دامەزراوەكانی سنوری سەوز بایكۆتی دەوامیان كردووە و قوتابخانەكانیش داخراون.
هونەر جەمال دەڵێت: “وێرای هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی مووچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ، تیمە تەكنیكیەكانی وەزارەتمان وا بڕیارە لەگەڵ تیمە تەكنیكیەكانی وەزارەتی دارایی عێراق كۆببنەوە بە مەبەستی ئامادەكاری بۆ هەمواری یاسای بودجە و گۆڕانكاری لە تەرخانكراوەكانی پشكی هەرێم بۆ ئەوەی ئەو گرفتانەی لە ساڵی 2024 هەبوون لە ساڵی 2025 بە تەواوەتی چارەسەر ببن و دووبارە نەبنەوە.”