سوریاو هاوکێشەکان!



رژێمی ئەسەد بۆ خێرا ڕووخا؟ کێ براوەی یارییەکەیە؟ رووسیا بۆ پشتی لەئەسەد کرد؟ داهاتووی کورد چۆن دەبێت؟

ئەوانەی سەرەوە کۆمەڵێک پرسیارن لە مێشکی زۆربەماندا دەخولێتەوە، بەڵام هێشتا وەڵامی یەکلایی کەرەوەمان دەست نەکەوتووە،گەرچی وردە وردە هاوکێشەکان ڕوون دەبنەوە.

ئەسەد بۆ زوو ڕووخا؟
بێگومان ڕووخانی رژێمی ئەسەد بەو خێراییە نەک بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، تەنانەت بۆ دەستەی تەحریر شام خۆشی شۆکهێنەر بوو، چونکە بنەمای جوڵەی تەحریر شام بۆ ڕووخانی ئەسەد نەبوو بەڵکو بۆ کۆمەڵێک ئامانجی تربوو.

تەنانەت دوای ڕووخانی ئەسەدو کۆنترۆڵکردنی دیمەشق لەلایەن دەستەی تەحریر شامەوە، لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند، ”داڕووخانی خێرای رژێمی ئەسەد بەلای کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە موفاجەئە بوو.”

رژێمەکەی ئەسەد پێشتر 13 ساڵ بەرگری کردو نەڕووخا، هەرچەندە مانەوەی پەیوەندی بە پشتگیری ئێران و حیزبوڵاو رووسیاوە هەبوو، بەڵام چاوەڕوان نەکراویشبوو بە کەمتر لە دوو هەفتە بڕوخێت. تەنانەت هەڵاتنی خودی ئەسەد بەو شپرزەییە و ئاگادار نەکردنەوەی براو کەسوکارەکەی ئاماژەن بۆ ئەوەی ڕووداوەکان هێندە خێرابوون بۆ خۆدی ئەسەدیش چاوەڕوانکراو نەبوون.

ڕوونە هۆکاری داڕووخانی ئەسەد بەو خێراییە، لاوازبوونی حیزبوڵاو پشت بەردانی بوو لەلایەن ئێران و رووسیاوە، چونکە سوپاکەی ماندوو بوو، لەڕووی بژێوییەوە داڕووخابوو، چەک و تەقەمەنی پێشکەوتووی نەبوو، متمانە لە نێوان سوپاو رژێمەکە نەمابوو، وەک دەوترێت سوپاکە هێندە برسی بوو چەکدارانی حیزبوڵا بەزەییان پێیاندا دەهاتەوەو خواردنیان پێدەدان.

سەرباری ئەو فاکتەرانەی سەرەوە، ئەسڵی جوڵەی دەستەی تەحریر شام بۆ رووخانی ئەسەد نەبوو، کەسیش ئامادەکاری بۆ ڕووخانی ئەسەد لەمکاتەداو بەو خێراییە نەکردبوو، ڕووداوەکان هێندە خێرابوون، وەزیری دەرەوەی ئێران وتی،” پێشبینیمان بۆ چارەنووسی ئەسەد نییە.”

جوڵەی تەحریر شام بۆ چەند ئامانجێک بوو، یەکەم ناچارکردنی ئەسەد بۆ دانوستان لەگەڵ تورکیا، دووەم ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تەحریر شام بەراورد بە ژمارەی خەڵک فراوان نەبوو، دەیانویست هەندێک ناوچەی تر کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام کە شەڕیان دەستپێکرد دۆخەکە گۆڕا، سوپای ئەسەد داڕوخا، ئەمەش هاندەریان بوو بۆ پێشڕەوی زیاترو فراوانبوونی تموحیان.

داڕووخانی رژێمی سووریاو نزیک بوونەوەی تەحریر شام لە دیمەشق، کەوتنی رژێمی ئەسەدی کردە حەتمی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناچار کرد مامەڵە لەگەڵ واقیعەکەدا بکەن.

گەر دیقەت بدەین لە سەرەتای هێرشی تەحریر شام سیاسییەکانی ئێران و عێراق چاوەڕوانی ئەو دۆخە نەبوون و ئەو هێزەیان بە تیرۆریست ناودەبرد، بەڵام دواتر زمانیان گۆڕی و بە ئۆپۆزسیۆن ناویان دەبردن، ئەمەش هاوشێوەی لێدوانی وەزیری بەرگری ئەمەریکا کە دەریدەخات دۆخی سووریا ئامادەکاری بۆ نەکرابوو، بەڵکو واقیعێکەو خوڵقێنرا.

رووسیاو سووریا!
رووسیا یەکێکبوو لە هاوپەیمانەکانی ئەسەدو بەدرێژایی 13 ساڵی پاش بەهاری عەرەبی پاڵپشت و ڕێگربوو لە ڕووخانی ئەسەد، بەڵام ئەمجارە نەیتوانی لە داڕووخان بیپارێزێت.

هەرچەندە دەوترێت رووسیا لە بەرامبەر ئۆکراینا پشتی لەئەسەد کرد، پێناچێت ئەمە دروست بێت، چونکە لەسەرەتای هێرشی تەحریر شام دا بەچڕی هاتە خەت و لە ئاسمانەوە بۆردومانی دەکردن و هەوڵی دەدا لە پێشڕەویکردن ڕایانبگرێت.

هێزی زەمینی و ئاسمانی تەواوکەری یەکترین، با رووسیا لە ئاسمانەوە هەوڵی رێگری لە تەحریر شام بکات، بەڵام خۆ لەسەر زەوی سوپای سووریا هیچ بەرگرییەکی نەدەکرد، حیزبوڵاو ئێرانیش لە گۆڕەپانەکە لاواز بووبوون، بۆیە دروستتر وایە رووسیا لەوە زیاتری پێنەدەکرا.

بەڵگەیەکی ڕوون هەیە بۆ ئەوەی رووسیا لەوە زیاتری بۆ ئەسەد پێنەکرا، ئەویش ئەوەیە لە دوا ساتەکانی کەوتنی دیمەشق دا، رووسیا پشتی ئەسەدی بەرنەداو تەنانەت بواری دیپلۆماسی لەگەڵ تورکیاو قەتەر بەکارهێناو ئەسەدی لە دوا ساتەکاندا بەشپرزەیی بەفڕۆکە دەرباز کرد.

شام دڵی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، گەر گرنگییەکەی بۆ ئەمەریکا دابینکردنی سەلامەتی بۆ ئیسرائیل و بچڕاندنی هیلالی شیعی بێت، یان گەر گرنگییەکەی بۆ تورکیاو ئیسرائیل دیوی ئەمنی و ئابووری و زۆر دیوی تر بێت، ئەوا بۆ رووسیا شام زۆر گرنگترە.

شام و ئەو پێگە سەربازییانەی رووسیا لەشام هەیەتی، خاڵی گرێدانی ئەفریقایە بە رووسیاوە، لە رابردوودا رووسیا سودی گەورەی ئابووری لەو پێگە سەربازییانەی سووریا وەرگرتووە وەک خاڵی گرێدراو بەئەفریقاوە.

بۆیە لەگەڵ کەوتنی رژێمی ئەسەد دا، ڕوون نییە چارەنوسی پێگە سەربازییەکانی رووسیا لەو وڵاتە چییان بەسەر دێت، ئایا رووسیا بۆ هێشتنەوەی پێگەکانی چۆن مامەڵە لەگەڵ سووریای نوێ دەکات، بەڵام تورکیا دەتوانێت لەم مەسەلەدا ڕۆڵی نێوەنگیری بگێڕێت.

کێ ئەسەدی ڕووخاند؟
بەرپرسانی باڵای شیعە ئیسرائیل و ئەمەریکاو تورکیا بە ڕووخاندنی رژێمی ئەسەد تۆمەتبار دەکەن، هەرچەندە ڕەنگە پلانێکی هاوبەش نەبووبێت بۆ ڕووخانی ئەسەد، بەڵام هەریەک لەم وڵاتانە ڕۆڵیان هەبوو لە خستنی ئەسەددا.

ئیسرائیل حیزبوڵای لاواز کردو فشاری خستە سەری تا هێزەکانی لە سووریا کێشایەوە، ئەمەریکا ئابڵوقەی ئاسمانی خستە سەر سووریاو نەیهێشت لە عێراق و ئێرانەوە هێز بڕوات بە هانای ئەسەدەوە، تورکیاش دەستەی تەحریر شامی بەرەو دیمەشق جوڵاند، کەواتە هەر سێ لایەنەکە بەشداربوون.

سودمەندی سەرەکی لە دۆخەکە ئیسرائیلە، وڵاتێکی نەیاری تەنیشتی ڕووخاو مەترسی لەسەر ئاسایشی سنورەکانی دوورکەوتەوە، پەیوەندی نێوان ئێران و حیزبوڵا بچڕاو ژێرخانی سەربازی سووریاشی وێرانکرد، ناشهێڵێت هەرگیز سووریا ببێتە خاوەنی سوپای بەهێز و ببێتە مەترسی لەسەری.

تورکیاش لایەنێکی براوەی دۆخی سووریایە، لە سووریای داهاتوودا یەکێک دەبێت لە وڵاتە ڕۆڵدارەکان، کورد لە شریتە سنوورییەکان دوور دەخاتەوە، هەوڵی ناردنەوەی ئاوارە سوورییەکان دەدات.

دەکرێت بڵێین: تورکیا بە جۆرێک مامەڵە لەگەڵ سووریای داهاتوو دەکات، هاوشێوەی ئەو مامەڵەی ئێستا ئێران لەگەڵ عێراق دەیکات، واتە تورکیا دەیەوێت لەداهاتوودا لەڕووی سیاسی و ئابووری و سەربازی و هەموو ڕوویەکەوە هەیمەنەی بەسەر سووریادا هەبێت.

کەشەکە لەبارە بۆ هەیمەنەی تورکیا بەسەر سووریا، وەکچۆن لەسەردەمی بەعس دەسەڵاتدارانی ئێستای شیعی عێراق لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکران، ئەو هێزە سونییانەی ئێستاش لە سووریا دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست، تا دوو هەفتە لەمەوبەر لەلایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکران.

دەکرێت بڵێین: سووریای داهاتوو، سونە مەزهەبییەکەی، دراوسێیەتییەکەی، لایەنی ئابووری و سەربازی، باکگراوەندی هێزەکانی و زۆر فاکتەری تر هۆکار دەبن بۆ ڕۆڵی تورکیا لە سووریای داهاتوودا.
کوردو سوریای داهاتوو!

تورکیا هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ لە قاڵبدانی کورد لە سووریای داهاتووداو ئەمەش بە خیتابی بەرپرسانی باڵای تورکیاوە بەڕوونی دیارە. هەموو هێزە سوورییەکانیش کە دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست تا سەر ئێسقان نەیاری کوردن، بۆیە گەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ڕێگر نەبێت کورد دۆخی شڕ دەبێت.

رامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک دەڵێت،” پلانێکی تورکی هەیە بۆ تێکدانی نێوان کوردو عەرەب لە سووریا”.

واتە گەر هاوکێشەی نێودەوڵەتی ڕێگر نەبێت، ئەسەد نەماوەو نۆرەی هەسەدەیە، بەڵام بە خیتابی بەرپرسانی ئەمەریکاوە پاڵپشتیکردنی کورد هەستی پێدەکرێت، بەتایبەت وەک ئاماژەیەک بۆ ڕۆڵی کورد لە داهاتووی سووریا، پێکهێنانی حکومەتی سووریا بەبەشداری پيکهاتەکان دەکەنە مەرجی مامەڵەکردن لەگەڵ تەحریر شام.

ڕەنگە لەو دیوی فوراتەوە هێرش بکرێتە سەر هەسەدە چاوپۆشی بکرێت، بەڵام پێناچێت لەم دیوی فوراتەوە ڕێگە بە هێرشکردنە سەر هەسەدە بدرێت، چونکە هاوکێشەکان لە ئێستادا مانەوەی کوردیان دەوێت، بەو پێیەی ڕوون نییە سووریا بەرەو کوێ دەبرێت و دۆخی داهاتووی ئەو وڵاتە چۆن دەبێت.

هەسەدە خۆشی ژیرانە مامەڵە لەگەڵ دۆخی نوێی سووریا دەکات، بانگەشەی ئاشتی و سووریای نوێ دەکات و ئاڵای سووریای نوێشی هەڵکرد، ئەمە جگە لەوەی نەرمی بەرامبەر ئەنەکەسەش نواندووە، تا پێکەوە دانووستان لەگەڵ دیمەشق بکەن و وەفد جیایی نەبێتە هۆی لاواز بوونی کورد.

کارمەندانی نەخۆشخانەی منداڵبوون لە سلێمانی بایکۆتیان ڕاگەیاند
پێت کارمەندانی نەخۆشخانەی منداڵبوون لە سلێمانی بایکۆتیان ڕاگەیاند
نوری مالیکی: دوای کەوتنی سووریا مەترسی کەوتووەتە سەر عێراق
دوات نوری مالیکی: دوای کەوتنی سووریا مەترسی کەوتووەتە سەر عێراق
پەیوەنیدر