بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە ڕۆژئاوای کوردستان ئاڵای نوێی سووریا لەسەر تەواوی دام و دەزگاکانی ڕۆژئاوای کوردستان هەڵدەکرێت و دەڵێت”ئەم ئاڵایە گوزارشت لە خواستەکانی گەلی سووریا دەکات”.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە ڕۆژئاوای کوردستان، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند”بە بۆنەی کۆتایی هاتنی سەردەمی ستەم و ستەمکاری کە ڕژێمی سووریا بۆ ماوەی زیاتر لە نیو سەدە بەسەر خەڵکیدا سەپاندی، لەو ماوەیەدا سوورییەکان بەدەست نادادپەروەری و پەراوێزخستن و دوورخستنەوە گیرۆدەبوون، سوورییەکان مافی خۆیانە ئاهەنگ بگێڕن بۆ سەرکەوتنی ئیرادەی خۆیان و ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە ناڕەوایە”.
ئاماژە بەوەش کراوە”لەژێر ڕۆشنایی ئەم گۆڕانکارییە مێژووییەدا ئاڵای سەربەخۆیی، کە بە سێ ڕەنگی سەوز، سپی و ڕەش لەگەڵ سێ ئەستێرە سوورەکە، وەک سیمبولی قۆناغی نوێ، گوزارشت لە خواستەکانی گەلی سووریا دەکات و کاردەکەن بۆ بەهێزکردنی یەکێتی نیشتمانی وڵات”.
جێی ئاماژەیە، رۆژی یەک شەممەی ڕابردوو، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا چوونە نێو دیمەشق و لە تەلەفزیۆنی فەرمی سووریا کەوتنی 24 ساڵەی ڕژێمی بەشار ئەسەدیان ڕاگەیاند، دواجار بڕیاردرا ئاڵا کۆنەکەی ڕژێمی بەعسی سووریا لاببرێت و ئاڵا نوێیەکەیان لەسەرجەم دامودەزگاکان هەڵبکرێ.