سەرۆكی ئەركانی سوپای رووسیا، ڤالێری گێراسیمۆڤ كرایە فەرماندەی هێزە سەربازییە هاوبەشەكانی بەرپرس لە “ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تایبەت” لە ئۆكراین.
لەو راگەیەندراوەدا كە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی رووسیاوە بڵاوكراوەتەوە، ئاماژە بەوە كراوە، گۆڕانكاریی لە فەرماندەكانی سوپای رووسیا لە ئۆكراین كراوە.
هەروەها لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، ڤالێری گێراسیمۆڤ وەك فەرماندەی هێزە سەربازییە هاوبەشەكان دەستنیشانكراوە و ئەوە خراوەتەڕوو، فەرماندەی پێشووی هێزە سەربازییە هاوبەشەكان و فەرماندەی هێزە ئاسمانیی و بۆشایی ئاسمانی رووسیا، سێرگی سورۆڤیكین ئەركی جێگری گێراسیمۆڤی پێسپێردراوە.
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتووە، فەرماندەی هێزە وشكانییەكانی رووسیا، ئۆلێگ سالیوكۆڤ و جێگری سەرۆكی ئەركانی سوپای رووسیا، ئالێكسی كیم-یش وەكو جێگرانی گێراسیمۆڤ دەستنیشانكراون.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا جەختی كردووەتەوە، ئاستی فەرماندەیی بەرپرسیارێتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەكە بەهۆی فراوانكردنی ئەو ئەركانەوە بەرزكراوەتەوە كە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەكەدا بەڕێوەدەبردرێت و لە راگەیەندراوەكەدا هاوتووە: “گۆڕانكارییەكان پەیوەندییان بە رێكخستنی پتەوتری هەماهەنگییكردنە لە نێوان یەكەكانی سوپای رووسیا و زیادكردنی چۆنێتی تەواوی جۆرەكانی پشتیوانی و كاریگەری بەڕێوەبردنی هێزەكانەوە هەیە”.