بەپێی هەواڵی میدیاکانی ڕووسیا، دوای ئەوەی هاوسەرەکەی لەلایەن هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریاوە دەسەڵاتەکەی ڕووخا، ئەسما ئەسەد، هاوسەری بەشار ئەسەد، لەگەڵ سێ منداڵەکەیدا پەنای بۆ مۆسکۆ بردووە، دەوترێت لە داهاتوودا ڕووبەڕووی گۆشەگیرییەکی نێودەوڵەتی دەبێتەوە و رەنگە لەگەڵ هاوسەرەکەشیدا ڕاپێچی دادگا بکرێن.
ئەسما ئەسەد لە ساڵی ١٩٧٥ لە باوکێکی پزیشکی دڵ و دایکێکی دیپلۆماتکاری سوریی لە لەندەن لەدایکبووە، لە گەڕەکی ئەکتۆن لە ڕۆژئاوای پایتەختی بەریتانیا گەورە بووە، کە تا ئێستا دایک و باوکی لێی نیشتەجێن.
ناوبراو لە قوتابخانەی بەناوبانگی شاهانە خوێندوویەتی، پاشان لە کۆلێژی کینگز، زانستی کۆمپیوتەر و ئەدەبیاتی فەرەنسی خوێندووە.
دوای تەواوکردنی خوێندن، لە کەرتی دارایی لە دۆیچە بانک و جەی پی مۆرگان کاریکردووە، لە کۆتاییەکانی نەوەدەکاندا بەشار ئەسەدی ناسیوە و دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٠ پۆستی سەرۆکایەتی سووریای وەرگرتووە، هاوسەرگیریان ئەنجامداوە.
سەرەتا ئەسما ئەسەد خۆی وەک ڕووخسارێکی مۆدێرن و هاوچەرخی سووریا پیشان دەدا و مافەکانی ژنان و پەروەردەی بەرەوپێش دەبرد و میدیاکانی ڕۆژئاواش بە “گوڵی بیابان” وەسفیان دەکرد، بەڵام ئەو ناوبانگەی لەدەستدا لەگەڵ سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان دژی ڕژێمی سووریا لە ساڵی ٢٠١١، دوای ئەوەی لە کاتی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان دژ بە دەسەڵاتی هاوسەرەکەی هاتە ئارا، کە دواتر گۆڕا بۆ شەڕی ناوخۆ، لە تەنیشت هاوسەرەکەیەوە وەستاو بە سەختی داوای بەرپەرچدانەوەی نەیارانی دەکرد، ئەمەش وای لە هەندێک کرد بە “ماری ئەنتوانیەت” و “سەرۆکێکی دڕندە” وەسفی بکەن.
ئەسما، بە سودوەرگرتن لە جەنگی سووریا زیاتر تۆمەتبار دەکرێت، بەو پێیەی ماڵپەڕی سووریا ڕاپۆرت ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە لەگەڵ هاوسەرەکەی بە بەشێکی زۆری کاروبارە بازرگانییەکان و ئابووری سووریایان بۆ خۆیان کۆنترۆڵ کردووە.
پێشتر یەکێتی ئەوروپا قەدەغەی سەفەرکردنی بەسەر ئەسما ئەسەد و بلۆککردنی سەروەت و سامانە داراییەکانیدا سەپاندبوو، شانشینی یەکگرتوو لە ساڵی ٢٠١٢دا سەروەت و سامانی ئەسمای بەست، لە چوارچێوەی سزاکانی ئەوروپا کە بەسەر ڕژێمی سووریادا سەپێنرابوو.
دواتر ئەمریکا سزای بەسەر ئەسما و ئەندامانی بنەماڵەکەیدا سەپاند کە لەنێویاندا دایک و باوکی و دوو براکەشی گرتەوە، کە وەک دیارترین سودمەندەکانی شەڕی سووریا” واشنتۆن وەسفی کردبوون.
لەگەڵ پەرەسەندنی مشتومڕەکان لەسەر ڕۆڵی ئەسما لە پاڵپشتیکردنی ڕژێمی سووریا، دەیڤید لامی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند؛ ئەسما ئەسەد چیتر لە بەریتانیا پێشوازی لێناکرێت.
لامی لەبەردەم پەرلەمانی بەریتانی ڕاگەیاند: ڕەنگە ئەسما ئەسەد هەوڵی هاتن بۆ وڵاتەکەمان بدات، دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە کە ئەو کەسێکی سزادراوە و لێرە پێشوازی لێناکرێت.
هەرچەندە ئەسما ڕەگەزنامە بەریتانیاییەکەی پاراستووە، بەڵام لەم دواییانەدا بانگەوازەکان بۆ کشاندنەوەی پاسپۆرتە بەریتانییەکەی زیادیکردووە، بەتایبەتی لەگەڵ پێشینەی لێسەندنەوەی ڕەگەزنامەی هاووڵاتیانی بەریتانیا بەهۆی پەیوەستبوون بەڕێکخراوە توندڕەوەکانەوە.
زانیارییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، لەگەڵ گەیشتنی بۆ مۆسکۆ، گۆشەگیری ئەسما ئەسەد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی زیاد دەکات، بەتایبەتی لەگەڵ زیادبوونی هەوڵەکانی بەریتانیا و ئەمریکا بۆ سەپاندنی سزای زیاتر بەسەریدا.