واشنتۆن بیر لە هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا دەکاتەوە



پێدەچێت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە وردی بیر لە سووککردنی سزاکانی سەر سووریا بکاتەوە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد، هاوتەریب لەگەڵ لێدوانەکانی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریا کە تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە پلان هەیە بۆ هەڵگرتنی “ یاسای قەیسەر”.

 

دوو نوێنەری ئەمریکا، یەکێکیان لە پارتی کۆماری و ئەوی دیکەیان لە دیموکراتەکان، نامەیەکیان پێشکەش بە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، جانێت یێلن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا و جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا کردووە و داوای سووککردنی بەشێکی سزاکانیان کرد کە بەسەر سوریادا سەپێنراون بەپێی “یاسای قەیسەر”.

 

نوێنەری کۆماری و دیموکراتەکان دەڵێن سزاکانی “قەیسەر” بەشدارییەکی بەرچاوی هەبووە لە تێکچوونی ئابوری ڕژێمەکەی ئەسەد، بەڵام دوای ڕووخانی، گونجاوە بیر لە سوککردنی ئەو سزایانە بکرێتەوە، بەتایبەتی لەگەڵ دەستبەکاربوونی گروپێکی نوێ.

 

لەم چوارچێوەیەدا پێشنیاری ئەوە دەکەن کە ئەمریکا ڕێبازێکی نوێ لە سزاکانیدا بگرێتەبەر کە بریتییە لە درێژکردنەوەی ئەو سزایانەی کە بەسەر بەرپرسانی پێشووی حکومەتدا سەپێنراون، لەگەڵ سزای سەر هەر هاووڵاتییەکی سووریا کە سەلمێندرابێت مامەڵەی لەگەڵ ڕژێمی پێشووی سووریا، ڕووسیا، یان ئێراندا کردووە، لە هەمان کاتیشدا سزاکانی سەر کەرتی ئابووری و ئاوەدانکردنەوە هەڵبگیرێت.

 

ئەگەر کۆنگرێسی ئەمریکا ئەم پێشنیازە پەسەند بکات، واشنتۆن لەوانەیە بۆ هاندانی گەشەپێدانی ئابووری و وەبەرهێنانی بیانی، لێخۆشبوون و مۆڵەت دەربکات.

 

ئەو دوو نوێنەرە لە نامەکەیاندا ڕوونیان کردەوە کە “پێویست بە ڕێبازێکی بیرلێکراوە و قۆناغبەندی هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکان و کۆنترۆڵکردنی هەناردەکردن کە بەسەر سووریادا سەپێنراوە”، لەوانەش “پاڵپشتیکردنی حکومەتی ئینتقالی بۆ پابەندبوون بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان”.

 

سەرۆکی حکومەتی ئینتقالی محەممەد بەشیر پێشتر وتبووی؛ ئۆپۆزسیۆنی سووریا میراتێکی خراپی ئابووری بۆ جێماوە ئێستا حکومەت جگە لە لیرەی سووری هیچ شتێکی بەهاداری لەبەردەستدا نییە.

 

یاسای قەیسەر چییە؟

کۆمەڵێک پڕۆژەی پێشنیارکراوی لایەنە دیموکرات و کۆمارییەکانە لەکۆنگرێسی ئەمریکا بۆ سزادانی حکومەتی ڕژێمی بەشار ئەسەد دانراوە.

 

لە ساڵی ٢٠١٩ یاساکە پەسەند کرا و ئامانجی گەمارۆدانی ئابووری دیمەشق بوو بەسەپاندنی سزا بەسەر هەر لایەنێک کە پاڵپشتی دارایی یان تەکنیکی پێشکەش بکات، لەوانەش پێدانی قەرز .

 

یاساکە ژمارەیەک پیشەسازی سووریا لە بوارەکانی ژێرخان و پاراستنی سەربازی دەکاتە ئامانج، ئەمە جگە لەوەی سزای بەسەر هەردوو وڵاتی ڕووسیا و ئێراندا سەپاندووە کە پاڵپشتی ڕژێم دەکەن.

 

هەروەها لە یاساکەدا سزای هەر لایەنێک دیاریکراوە کە بەشداربێت لە گەشەپێدانی کەرتی وزە، هەروەها ڕێگری لەهەر لایەنێکی بیانی دەکات لەئەنجامدانی گرێبەستی پەیوەست بەئاوەدانکردنەوە.

 

سزای 10 ساڵ زیندانی بەسەر خاوەنی هۆڵەکەی حەمدانییەدا سەپێندرا
پێت سزای 10 ساڵ زیندانی بەسەر خاوەنی هۆڵەکەی حەمدانییەدا سەپێندرا
سەرلەنوێ نرخی زێڕ دەستی بە بەرزبوونەوە کرد
دوات سەرلەنوێ نرخی زێڕ دەستی بە بەرزبوونەوە کرد
پەیوەنیدر