فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند ئامادەن هەماهەنگی بکەن بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی سلێمان شای عوسمانییەکان بۆ شوێنی خۆی کە پێشتر بە هۆی پەلامارەکانی داعشەوە گوێزرابووەوە بۆ ناو خاکی تورکیا.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند، ساڵی 2015 بەشداریمان لە پاراستنی تەرمی سلێمان شا و گواستنەوەیدا کرد و ئەمڕۆش پابەندبوونمان بە پاراستنی شوێنە مێژووییەکان دووپات دەکەینەوە.
مەزڵوم عەبدی ئامادەیی هێزەکانیانی دەربڕی بۆ گەڕاندنەوەی تەرمەکە بۆ شوێنەکەی پێشووی لە سووریا.
ساڵی 2015 لە کاتی پەلهاویشتنی داعش بۆ داگیرکردنی ناوچەکانی سووریا و تێکدانی زۆربەی مەزارگە و شوێنە مێژووییەکان، تورکیا مەترسی لەسەر ئەگەری تێکدانی مەزارگەی سلێمان شا بۆ دروست بوو کە بە باپیری سوڵتان عوسمانی یەکەمی دامەزرێنەری ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دادەنرێت.
هەرچەندە مەزارگەکە لە ناو خاکی سووریادایە، بەڵام بە بەشێک لە خاکی تورکیا دادەنرێت و لە 21ی شوباتی 2015دا تەرمی سلێمان شا لە ناوچەی ئاشمەی نزیک منبجەوە بۆ ناو تورکیا گوازرایەوە.