بیرمەندی بەناوبانگی ڕووسی، ئەلێکساندەر دوگین کە بە عەقڵی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا ناودەبرێت، هێرشێکی توندی کردە سەر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، و بە خیانەتکار ناوی برد.
دوگین لە وتارێکیدا ڕایگەیاند، بەو هەنگاوەی تورکیا ئەردۆغان پشتی لە ڕووسیا و ئێران کرد و خیانەتی لێکردن لە سووریا.
هەڵەیەکی ستراتیژی کرد
دوگین پێش ئەوەی ئارەزووی فەلسەفە و سیاسەت بکات لە پەیمانگای مۆسکۆ خوێندویەتی و دەرچووی بەشی فڕۆکەوانی بووە، لە تویتێکدا لە هەژماری خۆی لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس دەڵێت: ئەردۆغان هەڵەیەکی ستراتیژی کرد و شکست دەهێنێت.
ئەو فەیلەسوفە دەڵێت “کۆتایی تورکیای کەمال ئەتاتورک لە ئێستاوە دەستیپێکردووە، ئێمە پاڵپشتیمان کردیت، بەڵام لەمەودوا ئازار دەچێژیت و ناچار دەبیت تەوبە بکەیت”.
گورزێک لە ڕووسیا
بەگوێرەی هەواڵێکی سپۆتینگ، دوگین کە شارەزای ٨ زمانە، پێشتریش هۆشداری دابوو سەبارەت بەو شتانەی لە سووریا ڕوودەدەن و بە گورزێک بۆ وڵاتەکەی دەزانێت.
هاوکات ئاماژەی بەوەکردبوو، ڕووسەکان هۆکاری سەرەکی بوون بۆ نەکەوتنی ئەسەد و ئەو دۆخە دڵتەزێنەی کە ڕوویدا، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو ڕووداوانەی لە سووریا ڕوویاندا و ڕژێمی ئەسەدی پێ لەناو برا.
ئەو نووسەر و توێژەرە سیاسییە دەشڵێت: پشتیوانییەکی زۆرمان لە ڕژێمی سووریا کرد، بەڵام لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا ڕووخا.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە “جێگەی داخە کە دەبینین هەموو ئەو هەوڵانەی ڕووسیا کە دراون لە چەند ڕۆژێکدا بوونە هیچ”.
هەفتەی ڕابردوو سەرۆک کۆماری تورکیا پاڵپشتی خۆی بۆ گرووپە چەکدارەکان لە سووریا دەربڕی دوای کۆنترۆڵکردنەوەی حەلەب و حەما و حومس، جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی سەرەکی دیمەشق بووە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو وڵاتە.
ئەوەبوو دوای نزیکەی 10 ڕۆژ ئەوە ڕوویدا و کەوتنی ئەسەدی ڕاگەیەندرا، دواتر ئەسەد بەرەو مۆسکۆ هەڵهات و لەوێ پوتین مافی پەنابەری پێبەخشی.