بەگوێرەی ڕاپۆرتێک کە ڕۆژنامەی “زە جێرشەلیم پۆست”ی ئیسرائیلی بڵاویکردووەتەوە، ئیسرائیل پێش کەوتنی ئەسەد چەند جارێک هۆشداری داوە لەوەی ئێران لەڕێگەی سووریاوە چەک و تەقەمەنی بۆ حزبوڵای لوبنان دەگوازێتەوە.
بەپێی هەواڵی ڕۆژنامەکە، هۆشدارییەکە بە نامەیەک و لەڕێگەی تۆڕی واتسئاپ ئاڕاستەی بەرپرسی ئاسایشی نیشتمانی سوریا کراوە.
بەپێی هؤشدارییەکە، ئیسرائیل لە ساڵی 2023 دا سووریای ئاگادار کردۆتەوە ڕێگە لە کاروانی چەک و تەقەمەنی ئێران بگرێت کە لە سووریاوە بۆ حزبوڵای لوبنان دەیانگوازێتەوە.
دەقی پەیامەکەی ئیسرائیل بۆ بەرپرسانی سووریا
بەگوێرەی ڕۆژنامەی (جێرشەلیم پۆست)، لە نامەکەدا ئیسرائیل هۆشداری دەدات کە ئێران هەوڵدەدات کاروانی ئەو هاوکارییانە بەکاربهێنێت کە لە دوای بوومەلەرزەکەی شوباتی 2023 پێشکەشی کردووە و و ئەو هەلە بقۆزێتەوە بۆ گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی لە ڕێگەی فڕۆکەخانەکانی سووریاوە.
لە بەڵگەنامەکەدا ڕوون کراوەتەوە کە ئەمە هۆکاری پشت هێرشی ئیسرائیلە بۆ سەر فڕۆکەخانەی سەربازی نەیرەب لە ناوچەی حەلەب.
نامەکەی موساد بۆ حکومەتی پێشووی سوریا دەڵێت: ئێرانییەکان ئەو کارەساتە دڵتەزێنەی کە لە دوای ئەو بوومەلەرزەیەی لە وڵاتەکەتان ڕوویدا، دەقۆزنەوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان و گواستنەوەی چەک بە فڕۆکە.
لە درێژەی پەیامەکەدا هاتووە: بوونی ئێران لە فڕۆکەخانەکان، هەندێک لەو هۆکارانەن کە پاڵمان پێوەدەنێن بۆ ئەوەی هێرش بکەینە سەر ئەو ناوچانە و ئێوەش باجێکی قورس دەدەن.