سەرۆكی ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی ڕایدەگەیەنێت، گرفتی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا پەیوەندی بە داهاتی نانەوتییەوە هەیە و دەشڵێت: لە گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا هەنگاوی باش نراوە و لە چەند مانگی داهاتوودا بەرهەمەکەی دەبینین و کێشەکان چارەسەردەبن.
عەمار حەكیم، سەرۆكی ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ ڕێبوار تەها، پارێزگاری كەركوك لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کەرکوک عێراقێکی بچکۆلەیە و هێمایەكی پێکەوەژیانە، ئەگەر توانیمان دەست بەو پێکەوەژیانە بگرین ئەوە سەرکەوتوو دەبین و دڵمان بەو پێکەوەژیانە خۆشە.
لەبارەی كێشەی نێوان هەرێم و بەغدا سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەران، وتی، “گرفتی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا پەیوەندی بە داهاتی نانەوتییەوە هەیە و لە گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا هەنگاوی باش نراوە و لە چەند مانگی داهاتوودا بەرهەمەکەی دەبینین و کێشەکان چارەسەردەبن”.
ئەمە لەكاتێكدایە، بەهۆی پێنەدانی مووچەكانیان بۆ ماوەی نزیكەی ٨٠ ڕۆژ نیگەرانی فەرمانبەرانی بە دوای خۆیدا هێناوە و بەهۆیەوە لە بەشیكی زۆری سنووری سلێمانی مووچەخۆران بایكۆتی دەوامیان كردووە.