لە کۆشکی سەرۆکایەتی سووریا، چی دۆزرایەوە؟



تا ئێستاش زۆرینەی خەڵکی سووریا باوەڕیان بەوە نییە کە بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا کە ساڵانێک حوکمڕانی دەکرد، نەماوە و دەسەڵاتی بنەماڵەیەک کە دەستێکی پۆڵاینیان بەسەر وڵات و گەلەکەیدا هەبوو، کەوتبێت و ئێستا پەناهەندەی وڵاتان بن.

 

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەیان سووری بە خۆشحاڵییەوە ڕوویان لە کۆشکی سەرۆکایەتی، یان ئەوەی بە کۆشکی تیشرین ناسراوە، لە ناوەڕاستی دیمەشق کرد.

 

بەناو هۆڵ و بەشەکانی کۆشکەکەدا هاووڵاتیان دەهاتن و دەچوون، لەوێدا چەندین پۆستەر و وێنەیان لە بەرپێدا دەدا و دروشمیان دەوتەوە.

 

لەناو ئۆفیسەکەدا

لەناو ئۆفیسی سەرۆکی پێشوو کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بەرەو ڕووسیا هەڵهاتب، چەندین کتێب و کاغەز هەبوون کە لەسەر زەویەکە بڵاوبوونەتەوە، کتێبێک سه باره ت به مێژووی سوپای ڕووسیا و نەخشەیەکی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و هەروەها ژیاننامەیەکی خودی ئەسەد بەدیکران.

سەیرترین شت دۆزینەوەی “حەبی بەنزۆدیازیپین” بوو بۆ دژە دڵەڕاوکێ و خەمۆکی لەسەر مێزەکەی، بەپێی ئەوەی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردووەتەوە.

 

وێنەی بەشار و ئەسمای هاوسەری و حافز ئەسەد، جگە لە دیاری و مەدالیا و یادگارییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا هەروەها نەخشەی جۆلانی داگیرکراوی سووریاش بەدیکرا.

لەسەر یەکێک لەو پەنجەرانەی کە دەڕوانێتە پایتەخت، وشەی (نەفرەتی خودا لەسەر ڕۆحت بێت حافز) نووسرابوو، بە ئاماژەدان بە باوکی کۆچکردووی بەشار، (حافز ئەسەد)، کە نزیکەی سێ دەیە حوکمڕانی سووریای کرد پێش ئەوەی کوڕەکەی دەسەڵات بە میرات وەربگرێت .

 

لە ئێستادا ئەندامانی ئەو گرووپە چەکدارانەی کە لە دوای ڕووخانی ئەسەدەوە لە هەشتی ئەم مانگەوە دەسەڵاتیان لە وڵاتدا گرتووە، لەدەروازەکانی کۆشکەکەدا جێگیرکراون.

 

لە هۆڵی چوونە ژوورەوەی ئەو کۆشکەی کە ئۆفیسی ئەسەدی تێدایە، چەکدارێک کە تفەنگێکی ئەی کەی ٤٧ی لەسەر شانی هەڵگرتبوو، لەگەڵ دوو هاوڕێکەی لەسەر فەرشێکی سوور وەستابوون کە بەسەر زەوییەکی مەڕمەڕی فراواندا بڵاوبووەتەوە.

 

“کابوسەکە کۆتایی هات”

چەکدارێک، کە ناوی مستەفا حەسەنە و مامۆستای پێشووی وانەی مێژووە و خەڵکی شاری ڕەقەی سوریایە، کە لە ساڵی ٢٠١١ بەشداری ناڕەزایەتییەکانی کرد و دواتر چەکی هەڵگرت، وتی: “کابوسەکە کۆتایی هات”.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، “شەڕێکمان تەواو کردووە و شەڕێکی دیکەمان دەستپێکردووە، کە شەڕی دروستکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە لەگەڵ وڵاتانی دیکە”.

 

دوای شەڕێکی سەختی ناوخۆ کە لە ساڵی ٢٠١١ەوە بەردەوامە، ڕژیم لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا ڕووخا، بەو پێیەی هاوپەیمانەکانی، ڕووسیا و ئێران، نەیانتوانی یارمەتی بدەن بۆ ڕاگرتنی پێشڕەوی گرووپە چەکدارەکان، ئەمەش ڕێگەی خۆشکرد بۆ کۆنترۆڵکردنی پایتەخت، بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی بەرچاوی سەربازی ڕووبدات.

خامنەئی: تورکیا ڕۆڵێکی ئاشکرا لە ڕووداوەکانی سووریا دەگێڕێت
پێت خامنەئی: تورکیا ڕۆڵێکی ئاشکرا لە ڕووداوەکانی سووریا دەگێڕێت
کەشوهەوا دەگۆڕێت و پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە
دوات کەشوهەوا دەگۆڕێت و پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە
پەیوەنیدر