خانەوادە و کەسوکار و سوورییەکان بەو هیوایە بوون جارێکی دیکە حەمادە ببیننەوە و بەچاوی خۆی ئەو دۆخە ببینێت کە بەر لە گیانلەدەستدانی ئاواتی پێ خواست بوو، بەڵام تەرمەکەی لە نەخۆشخانەیەکی دیمەشق لەنێو دەیان تەرمی دیکە دۆزرایەوە کە وا دەردەکەوێت لەگەڵ هەڵهاتنی دارودەستەکەی ئەسەد کۆتایی بە ژیانیان هێنرابێت تا دڕندەیی و نادادی ئەو دەسەڵاتە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا نەکەن.
ئەستەمە یەک هاووڵاتی سووری ڕوخساری مازن حەمادەی لەبەرچاو نەبێت، ئەو ڕەمزی ئازایەتی و ئازارەکانی نێو زیندانەکانی رژێمی ئەسەد بوو، کە پاش ئازادبوونی دوای هەوڵەکانی بەهاری عەرەبی لە سووریا سەختی و دژوارییەکی زۆری بینی لە زیندان.
مازن، میدیاکار و چالاکوانی سووری، کە وتافدەر و جۆشپیدەری نارەزایەتییەکانی شۆرشەکانی بەهاری عەرەبی بوو لە وڵاتەکەیدا، هەمووان پاش کەوتنی ئەسەد، پەرۆش بوون جارێکی دیکە بیبیننەوە تا پێی بڵێن خەونەکەت بەدیهات.
مازنی تەمەن ٤٧ ساڵ دوای دەستگیرکردنی لەلایەن ڕژێمی بەشار ئەسەد سەرۆکی هەڵهاتووی سووریا، لە ساڵی ٢٠١٤ لە سوریا هەڵهات بەرەو ئەوروپا، لەوێ چالاک بوو لە ئاشکراکردنی دڕندەییەکانی نێو زیندانەکانی سووریا و ئەو شێوازە دڕندانەی ئەشکەنجەدان کە وەک تاکێکی سووری تووشی بووە.
ئەو بە ڕووخسارێکی زەرد و جەستەیەکی لاوازەوە لە زۆرێک لە چاوپێکەوتنەکاندا دەردەکەوت، باسی ئەو ئازارانەی لە زینداندا دەکرد کە تووشی هاتووە هەر لە ئازاری جەستەیی و دەروونی و تا دەستدرێژی سێکسی، لە کاتێکدا فرمێسکەکانی گەواهی ئەوەیان بۆ دەدا کە چەند سەختی بینیوە لەماوەی دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجەدانیدا و خۆی وتەنی؛ مرۆڤایەتی و کەرامەتیشی لێسەندراوەتەوە و ئەتککراوە.
پاش گەیشتن بە ئەوروپا و نیشتەجێبوون لە وڵاتی هۆڵەندا، لەکاتێکدا “لەدۆخێکی دەروونی خراپدا بوو”، لەساڵی ٢٠٢٠دا، لەناکاو بڕیاریدا بگەڕێتەوە بۆ سووریا، ئەمەش دوای “چەندین هەوڵی ڕازیکردن کە لەلایەن دیمەشقەوە، بەڵام لەگەڵ گەیشتنی بە فڕۆکەخانەی پایتەختی وڵاتەکەی دەستگیرکرا و بێسەروشوێن کرا.
کەوتنی ئەسەد لە ٨ی کانوونی دووەم هیوای دۆزینەوەی مازنی زیندوو کردەوە، بەتایبەت کاتێک گرووپە چەکدارەکان دەرگای زیندانەکانیان کردەوە و سەدان دەستگیرکراویان ئازاد کرد.
تەرمی مازن، لە نەخۆشخانەی حەرەستا دۆزرایەوە کە جگە لەو، تەرمی دەیان هاووڵاتی دیکەی تیدا بوو، کە وا دەردەکەوێت لەهەلومەرجێکدا گیانیان لەدەستدابێت بەر لە هەڵهاتنی ئەسەد و دارودەستەکەی.
شین بوونەوەی جەستە و زام و شوێنی ئەشکەنجەدانەکەی بەپێی ئەو وێنەیەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە پشتڕاستی دەکەنەوە کە هەفتەیەک لەمەوبەر مازن لە ژێر ئەشکەنجەداگیانی لەدەستداوە.
موعاز مستەفا لەهێزی فریاکەوتنی سووریا کە لەنزیکەوە لەگەڵ مازن کاریکردووە، وتی، “پێدەچێت لەم دواییانەدا کوشتبێتیان، ڕەنگە لە دوایین ساتەکانی پێش ئەوەی ئەسەد هەڵبێت و گرووپەکان دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرن.
ستیڤن ڕاب کە سەرۆکایەتی لیژنەی داد و لێپرسینەوەی نێودەوڵەتی دەکات، کە ڕێکخراوێکی قازانج نەویستە و بەڵگەی تاوانەکانی جەنگ لە سووریا کۆدەکاتەوە، دەڵێت؛ ئەو نەخۆشخانەیەی تەرمی مازنی تیدا دۆزراوەتەوە “نەخۆشخانەی حەرەستا” بە وێستگەیەک ناسراوە تا لێیەوە زیندانیان پاش مردنیان ببرێن بۆ ناشتن لەگۆڕە بەکۆمەڵەکاندا.
ڕاب دەڵێت؛ مازن حەمادە و ژمارەیەک دەستبەسەرکراوی دیکە کە لەم دواییانەدا تەرمەکانیان لە حەرەستا دۆزرایەوە، بەپەلە لەگەڵ ڕووخانی ڕژیمدا کوژرابن، لە ترسی ئەوەی کە بەڵگە لەدژی ئەشکەنجەدەرەکانیان نەخەنەڕوو.
کەسوکاری مازن ڕۆژی سێشەممە ١٠ -١٢ – ٢٠٢٤ لەدیمەشق تەرمەکەیان ناسیەوە، لەنێو نزیکەی ٤٠ تەرمدا کە بە پەڕۆیەکی خوێناوی پێچراو لەنەخۆشخانەی سەربازی حەرەستا فڕێدرابوون.
بڵاوبوونەوەی وێنەی ترسناکی تەرمەکەی مازن لە سۆشیال میدیادا، ئاماژە بوو بۆ ئەوەی کە لە ژێر ئەشکەنجەدا مردنێکی پڕ لە ئازار مردووە!.
مازن حەمادە ٣ی تەممووزی ١٩٧٧، لە دێرەزوور، لەدایک بووە.
دەرچووی پەیمانگای پیشەسازی نەوت بوو، و وەک تەکنیکارێک لە کۆمپانیای فرەنەتەوەیی نەوت و غازی فەڕەنسی شلومبێرگەر کاریدەکرد.
لە خۆپیشاندانەکاندا، بە مۆبایلەکەی ڕووداوەکانی وێنە دەگرێت و بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکردنەوە.