فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند بە نێوەندگیری ئەمریکا ئاگربەست لە منبج ڕاگەیەندراوە و شەڕڤانانیش لە شارەکە دەکشێنەوە.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند هاوکات لەگەڵ بەردەوامبوونی بەرخۆدانی شەڕڤانانمان لە منبج بۆ ڕێگرتن لە پەلهاویشتنی هێرشەکان لە ڕۆژئاوای فوراتەوە، بە نێوەندگیری ئەمریکا گەیشتینە ڕێککەوتن بۆ ئاگربەست.
ڕوونیشیکردەوە کە ئاگربەستەکە لە پێناو پاراستنی هاووڵاتییاندا بووە.
مەزڵوم عەبدی وتیشی: “شەڕڤانانی ئەنجومەنی سەربازی منبج کە لە 27ی تشرینی دووەمی ڕابردووەوە لە بەرامبەر هێرشەکاندا بەرگری دەکەن، لە شارەکە دەکشێنەوە”.
فەرماندەی گشتی هەسەدە سەبارەت بە ئایندەی سووریاش ڕایگەیاند، لە ڕێی ئەمریکییەکانەوە پەیوەندییان لەگەڵ تەحریری شامدا هەیە و بە پێویستیشیزانی کە حکومەتی داهاتوو نوێنەرایەتی سەرجەم ناوچە و پێکهاتەکانی سووریا بکات.
ئامادەیی بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی دیمەشق دەربڕی.