لەدیدارێکدا سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و دارا خەیلانی، لێپرسراوی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی ئامادەبوون، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بە گەرمی بەخێرهاتنی لویس ئایالای كرد بۆ سلێمانی و سوپاسی هەوڵ و پشتگیرییە بەردەوامەكانی كرد بۆ دۆزی كورد و یەكێتی و رایگەیاند، یەكێتی دۆستەكانی لەیادناكات بەتایبەت كە ئێوە دۆستی سەرۆك مام جەلال بوون و پشتگیریی مافەكانی گەلی كوردتان كردووە. وتیشی، بەدڵنیاییەوە درێژەپێدەری رێبازی سەرۆك مام جەلال دەبین و لەسەر هەمان رێچكەی ئەو درێژە بە خەباتی سیاسی، مەدەنی و دیموكراسی خۆمان دەدەین لەپێناو چەسپاندنی دادپەروەری و ئاشتەواییدا.
لەبەرامبەردا لویس ئایالا، سكرتێری پێشووی رێكخراوی سۆسیالیست ئینتەرناشناڵ و سیاسەتمەداری دیاری جیهان سوپاسی ئەو پێشوازییەی کرد و بە گرنگییەوە لە رۆڵی سەرۆك مام جەلالی روانی وەك سەركردەیەكی كاریگەر و ماندوونەناس بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ، ئاشتی و پێكەوەژیان. ئاماژەی بەوەشكرد، دڵنیاین ئێوەش میراتگری ئەو مێژووە درەوشاوەیە دەبن و بەهەمان رێگەی ئەودا خەبات بۆ دیموكراسی و یەكسانی دەكەن، سیاسەتی ئەمڕۆی یەكێتیش رەنگدانەوەی رێبازەكەی سەرۆك مام جەلالە.
هەر لە دیدارەکەدا جەخت لە یەکخستنی هەوڵەکان بۆ گەشەپێدانی پرەنسیپەکانی سۆسیالیست ئینتەرناشناڵ، ئاشتی و بیروباوەڕی پێکەوەژیان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، عیراق و تەواوی جیهان کرایەوە.