بەرێوەبەرایەتی گشتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی ڕایگەیاند، لە شەشەمین خولی پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب، کە لە سلێمانی بەڕێوەچوو، نزیکەی چوار ملیۆن کتێب فرۆشراون.
بەڕێوەبەری بەشی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە سلێمانی، ئاریوان سیویلی، رایگەیاندووە، “لە میانەی چالاکییەکانی خولی شەشەمی پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە سلێمانی، کە بۆ ماوەی ١١ ڕۆژ بەردەوام بوو، نزیکەی ٤ ملیۆن کتێب فرۆشرا.
ئاماژەی بەوەشکرد، “سەرەڕای قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان، ڕێژەی فرۆشتنی کتێب و سەردانکەرانی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زۆر گەورە بووە، نزیکەی نیو ملیۆن کەسیش سەردانی پێشانگاکەیان کردووە”.
هەروەها ئاریوان سیویلی وتی، “لە چالاکییەکانی خولی شەشەمی پێشانگای نێودەوڵەتی کتێبی سلێمانی شایەتحاڵی نمایشکردنی دەیان هەزار ناونیشانی کتێبی جیاواز بوو بە بەشداری 200 دامەزراوە و ناوەند و دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی”.
هەرێمی کوردستان بەدەست قەیرانێکی ئابوری دامرکێنەرەوە دەناڵێنێت کە بازاڕو بازرگانییەکانی ئیفلیج کردووە و بەهۆی پێنەدانی مووچەی فەرمانبەرانەوە زۆرێک لە دوکان و کارگەکان داخران.