ئەمڕۆ لە کۆشکی سافریە لە مەنامەی پایتەخت، مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم لەگەڵ شا حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە، شای بەحرەین کۆبووینەوە و دواتریش لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە كۆبووەوە.
مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، شای بەحرەین ستایشی پێشکەوتن و ئاوەدانیی و دۆخی ئارامیی و پێکەوەژیانی هەرێمی کوردستان كرد و ئامادەیی شانشینی بەحرەینی بۆ پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دەربڕی.
دەشڵێت: هاوڕابووین و ڕێککەوتین لە سەر گرنگیی پتەوکردنی پەیوەندییەکان و کردنەوەی کونسوڵخانەی بەحرەین لە هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی گەشتی ڕاستەوخۆی مەنامە-هەولێر لە ئایندەدا.
ڕوونیشی كردۆتەوە، دوایین گۆڕانکارییەکانی دۆخی گشتی سوریا و ناوچەکە ، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکەمان بوو کە میر ناسر بن حەمەد ئال خەلیفە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی و ژمارەیەک لە وەزیرەکانی بەحرەین ئامادەی بوون.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەكردووە لەگەڵ میر سەلمان بن حەمەد ئال خەلیفە جێنشین و سەرۆک وەزیرانی بەحرەین کۆبووینەوە و لە کۆبوونەوەدا ، برەودان بە پەیوەندییەکانی شانشینی بەحرەین لەگەڵ هەرێمی کوردستان و دەرفەتەکانی کردنەوەی کونسوڵخانەی بەحرەین لە هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی گەشتی ڕاستەوخۆی مەنامە- هەولێرمان لە داهاتوودا تاوتوێ کرد .
دەشڵێت: سوپاسی پشتیوانیی بەحرەینمان کرد و خواستی پتەوکردنی پەیوەندی دوولایەنەمان لە بوارەکانی جێی بەرژەوەندی هاوبەش، بە تایبەتی بنیاتنانی ژێرخان و چاکسازی دارایی و بانکی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان دووپات کردەوە.
ئاشكراشی كردووە، لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانماندا، بیروڕامان لەبارەی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان و دوایین گۆڕانکارییەکانی دۆخی گشتی سوریا و ناوچەکە بە گشتی ئاڵوگۆڕ کرد.