سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاسا ڕایدەگەیەنێت، ئەو ئاڵۆزییەی سوریای گرتووەتەوە مەترسی لەسەر کوردی عێراق و سوریا دروست دەکات، چونکە دۆزی کورد دۆزێکی هاوبەشە لەنێوان گرووپە توندڕەوەکان و تورکیا و پێکەوە هەوڵی شکست هێنان بە پڕۆژەی کوردی دەدەن.
سەعد مەتڵەبی، سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا، بە (دەنگی ئەمریکا)ی ڕاگەیاند،”ڕێکخراوە ئیسلامییەکان کورد بە لەمپەر دادەنێن لە بەردەم فراوانبوونی پرۆژەکانیاندا، تورکیاش لایەنگیر و هاوپەیمانی بەهێزیانە، بۆیە لە قۆناغی داهاتوودا فشار دەخەنە سەر کوردی سوریا و عێراق بۆ شکستهێنان بە پرۆژەی کوردی. دواتریش فشارەکان بۆ سەر عێراقیش زیاد دەکەن، چونکە عێراق و ئێران بە تەنها ماونەتەوە.”
دەشڵێت،”ئیسلامییە توندڕەوەکان مەترسی گەورەن لەسەر شیعە، چونکە هاندەری سوننەی عێراق دەبن بۆ دابەشکردنی عێراق. هاتنە سەر دەسەڵاتی توندڕەوەکان لەسوریا وادەکات ئەو وڵاتە ببێتە هەناردەکاری تیرۆر.”
دەستەی تەحریر شام کە لە ریزی پێشەوەی ئەو گرووپانە دادەنرێت کە ڕۆڵیان هەبوو لە ڕووخانی رژێمی ئەسەد، ناوی گرووپەکە و سەرۆکەکەی لە لیستی تیرۆردایە، بەڵام ئەوان لە ئێستادا توندڕەوی ڕەتدەکەنەوە و بانگەشەی پاراستنی مافی کەمینەکان و دروستکردنی دەوڵەتی مەدەنی دەکەن.
لەکاتێکدا ڕژێمی ئەسەد ڕووخا و هێزە ئیسلامییەکان جڵەوی دەسەڵاتیان لە سوریا گرتووەتە دەست، کە بە نزیکایەتی تورکیا تۆمەتبار دەکرێن، ئەمەش ئەو مەترسییەی لای کوردانی سوریا دروستکردووە لە داهاتوودا ئەو گروپانە هێرشەکانیان بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە چڕ بکەنەوە.
هەرچەندە هێزی نیشتمانی سوریا، کە بە هێزێکی نزیک لە تورکیا هەژمار دەکرێت شەڕیان لە دژی هەسەدە ڕاگەیاندووە، بەڵام هێشتا دەستەی تەحریر شام بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع بە فەرمی نەبووەتە بەشێک لەو شەڕە.
ساڵەح موسلم، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات ( پەیەدە)، بە (دەنگی ئەمریکا)ی ڕاگەیاند،”توندڕەوەکان لایەنگیری تورکیان و ئەجێندای تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر ئێمە جێبەجێ دەکەن، بۆیە ئێستا هێرشمان دەکەنە سەر.”
دەشڵێت،”ئێمە پرۆژەمان بۆ سوریای داهاتوو هەیە، دەمانەوێت پێکەوە و بە برایەتی بژین.”
بەڕای چاودێرانی سیاسی، دوای ڕووخانی رژێمی ئەسەد و لاوازبوونی کاریگەرییەکانی لەسەر سوریا و لوبنان، ئێران هەوڵدەدات بەرەی پێشەوەی سەنگەرەکانی توندوتۆڵ بکات کە عێراقە و فشارەکانی لەسەر عێراق زیاتر چڕدەکاتەوە.
چاودێران پێیانوایە، هەوڵەکانی ئێران بۆ فشارخستنە سەر عێراق، هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، بە تایبەت بەشێک لە میدیاکانی ئێران لە ئێستاوە هێرشیان بۆ سەر هەرێم دەستپێکردووە و هەرێم تۆمەتبار دەکەن بەوەی پابەند نەبووە بە داماڵینی حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لەچەک.
سەبارەت بە هەبوونی مەترسی لە سەر کوردستانی عێراق لە قۆناغەکانی داهاتوودا، ساڵەح موسلیم دەڵێت،”دۆسیەی کورد یەک پاکێجە و مەترسی هەیە، هەروەک چۆن توندڕەوەکان گرێدراوی یەکترین.”
هێشتا ئاڵۆزییەکانی سوریا کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر ئاسایشی عێراق نەبووە، بەڵام هێزە عێراقییەکان ناوچە سنورییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان بە تەواوەتی کۆنترۆڵکردووە، ئەمەش لە پێناو ڕێگرتن لە پەڕینەوەی ئاڵۆزییەکان بۆ عێراق.
ڕووبەری سنوری عێراق لەگەڵ سوریا زیاتر لە 600 کیلۆمەترە، هێزە عێراقییەکان بە شێکی زۆر لەو ڕووبەرە سنورییەیان بە دیواری کۆنکرێتی و تەلبەندکردن و خەندەقی پان و قوڵ و کامیرای گەرمی بینین کۆنترۆڵکردووە، ئەمە جگە لە بڵاوەپێکردنی هێزێکی زۆری سوپا و حەشد و پاسەوانی سنور.
سەعد مەتڵەبی پێیوایە ئامانجی داهاتووی ڕۆژئاوا لە قۆناغی داهاتوودا عێراق و ئێرانە، چونکە تەنها عێراق و ئێران ماونەتەوە کە لەگەڵ بەرەی ڕۆژئاوادا نین.
مەتڵەبی وتی،”هەوڵەکان بەردەوام دەبن بۆ دابەشکردنی عێراق و سوریا بۆ دەوڵەتی بچووک بچووک، تا مەترسی لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل نەهێڵرێت. هەرچەندە سوننەکانی عێراق وانەیان لە ڕووداوەکانی ڕابردوو وەرگرتووە.”
بەشێک لە هێزە شیعەکان هاوڕای ئێران بوون بۆ پاڵپشتی کردنی ڕژێمی سوریا، بەڵام بەشێکی تری هێز و کەسایەتییە شیعەکانی عێراق دژی دەستوەردان بوون لە دۆخی سوریا و پاڵپشتی بێ لایەن بوونی عێراقیان دەکرد لەو شەڕەدا.
سەرکردەکەی دەوڵەتی یاسا ڕەتیدەکاتەوە هێزە شیعەکانی عێراق ناکۆک و ناتەبا بن لەسەر ڕووداوەکانی سوریا، بەڵام دان بەوەشدا دەنێن ڕا جیایی هەبووە لەسەر پاڵپشتیکردنی ئەسەد، جەختیش دەکاتەوە، ئەسەد سوریای بەجێهێشت و ئێستا گرنگ دوورخستنەوەی مەترسییە لەسەر عێراق.
بەشداریکردنی عێراق و تێوەگلانی لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و هێزە نزیکەکان لە ئێران ئەو دۆسیەیە بوو، بەردەوام مایەی ناکۆکی بوو لە نێوان سەرۆک وەزیرانی عێراق و میلیشیا شیعەکانی نزیک لە ئێران.
سەعد مەتڵەبی دەڵێت،”ناکۆکی لە نێوان حکومەت و هێزە شیعەکان نییە، چونکە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەلایەن حیزبەکانەوە پێکهێنراوە. هەرچەندە هەڵوێستی سەرۆک وەزیران نازانم، بەڵام وا دیارە دەیەوێت عێراق لە کێشەکان دوور بخاتەوە و ئەمەش کارێکی باشە.”