محەمەد غازی جەلالی، سەرۆک وەزیرانی سووریا دەڵێت؛ سروشتی پێکهاتەی ڕژێمی پێشوو ڕێگەی بە پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سوریا نەدا.
جەلالی بۆ سکای نیوز عەرەبی ئاشکرایکردووە، “لە دوایین پەیوەندیم لەگەڵ ئەسەد ئاگادارمکردەوە کە دۆخەکە بەرگە ناگرێت، لە وەڵامدا ئەسەد وتوویەتی؛ دواتر بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکەین (سبەی دەیبینین)”.
سەرۆک وەزیرانی سووریا ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەسەد بە تەنیا بووە لەبڕیارەکانی سیاسەتی دەرەوە و لەگەڵ ئێمە گفتوگۆی لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە دەرەوە نەدەکرد “.
جەلالی وتویەتی: دوای ئەسەد ئامانجی یەکەممان بەرزکردنەوەی ئاسایشە، گەلی سووریاش لە ساڵانی زۆر ڕابردوودا ماندوو بووە، ئاماژەی بەوەشکرد کە دۆخی ئەمنی شەقامەکانی دیمەشق ئێستا سەقامگیرە و زۆربەی وەزیرەکان لە دیمەشقن و لە فەرمانگەکانیانەوە کارەکانیان ڕایی دەکەن”.
لەدرێژەی قسەکانیدا جەلالی دەڵێت: “ئێمە ئامادەین هاوکاری پێشکەش بکەین لە گواستنەوەی هەموو مەلەفەکان، هەوڵدەدەین قۆناغی ئینتقالی خێرا و ئاسان بکەین”.
سەرۆک وەزیرانی سووریا ئاماژەی بەوەشداوە، “هەماهەنگی هەیە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، هەروەها هیچ ناڕەزایەتییەک نییە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەبو محەمەد جۆلانی”.
سەبارەت بە چارەنووسی سوپای سووریا، ناوبراو وتی: وەڵامێکم نییە، ئەوە پەیوەستە بە هەرکەسێک سەرکردایەتی سوپا وەربگرێت.