بە هۆی بۆردومانی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیاوە، 12 کەس کە سەرجەمیان ژن و منداڵن لە ڕۆژئاوای کوردستان گیانیان لەدەستدا.
ئەمڕۆ دووشەممە، ئاژانسی هەاڵی هاوار بڵاویکردەوە، 12 کەس کە سەرجەمیان ژن و منداڵن لە ئاکامی بۆردومانێکی تورکیا بۆ سەر گوندی موستەریحەی ڕۆژئاوای عەین عیسا گیانیان لەدەستدا.
ڕوونیشیکردەوە کە بۆردومانەکە کاتژمێر 11ی دوێنێ شەو لە ڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامدراوە.
لای خۆشیەوە ڕوانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند، قوربانییەکان شەشیان منداڵن و سەرجەمیشیان ئەندامی خێزانێکن.
ڕوانگەی سووریا ئەوەشی خستەڕوو کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تورکیا 191 جار ناوچەکانی خۆبەڕیوەبەریی لە باکووری و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆردومان کردووە و بەهۆیەوە 55 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 120 کەسی دیکەش برینداربوون.