ڕۆژ بە ڕۆژ بایکۆت لە سلێمانی فراوانتر دەبێت و فەرمانگەیەکی دیکەش دەوامی ڕاگرت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، فەرمانگەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران لە سلێمانی ڕایگەیاند، لە سبەینێوە بە هۆی بایکۆتی فەرمانبەرانەوە، دەوام ڕادەگیرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە بایکۆتەکە تا کاتێکی نادیار بەردەوام دەبێت.
هەر ئەمڕۆ هەریەکە لە کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان کرد.
هۆکاری بایکۆتەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زیاتر لە دوو مانگە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەش نەکراوە، وێڕای هاتنی 761 ملیار دینار لە بەغدادەوە وەک مووچەی مانگی 10، بەڵام بەنیانووی کورتهێنان حکومەتی هەرێم دابەشی نەکردووە.