بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، بەپێی ئەو بڕیارەی بەدەستیانگەیشتووە رێگەنادەن هیچ ئۆتۆمبێلێکی بێسەرەتا بەناوشاردا هاتووچۆ بکات.
خالید ماوەتی، بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی بە میدیای یەکێتی ڕاگەیاند: “ئێمە دوای هیچ ئۆتۆمبێلێکی بێسەرەتا ناکەوین، بەڵام بەپێی ئەو بڕیارەی بەدەستمانگەیشتووە هاتووچۆکردنی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا لەناو شاردا قەدەغەیە و رێگە بە هاتووچۆکردنیان نادەین”.
بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا: “بافڵ تاڵەبانی پێیوتووین ئەگەر ئۆتۆمبێلەکەی خۆشم بێسەرەتا بوو ئەوە دەستیبەسەردابگرن، بۆیە تائێستا بڕیارەکە بەمجۆرەیە و ئێمەش جێبەجێی دەکەین”.
بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بۆئەوەشکرد: بەشێکی زۆری ئۆتۆمبێلە بێسەرەتان لای ئەو کەسانەیە کە لەگەڵ بەرپرسان کاردەکەن بۆیە تەنها لای خەڵکی هەژار و ئاسایی نییە، بەپێی بڕیارەکەش سەرەتا غەرامە دەکرێن و دواتر گرێبەست لەگەڵ خاوەنەکانیان دەکرێت تا ببرێنە دەرەوەی شار”.
ماوەی چەند رۆژێکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی و هەولێرەوە بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان لەناوشاردا دراوەو داوا لە خاوەنەکانیان کراوە بیانبەنە دەرەوەی شارەکان، بەپێچەوانەوە دەستیبەسەردا دەگیرێت.