بابەكر زێباری: هێزی سوریا داڕووخاوە و ئینتیمایان نەماوە



ڕاوێژكاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سوپاسالاری پێشووی عێراق ڕایدەگەیەنێت، پاشەکشەکردنی سوپای سوریا و کۆنتڕۆڵکردنی شار و شارۆچکەکان لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە تاکتیک نییە، بەڵکو سوپای سوریا داڕووخاوە و ناتوانێت بەرگری بکات و دەشڵێت: ئینتیمایان بۆ دەسەڵاتی ئەسەد نەماوە، چونکە وەزعی سوپا خراپە و مووچەیان نییە.

بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری سەربازی، بە (دەنگی ئەمریکا)ی ڕاگەیاند،”سوپای سوریا چەکی پێشکەوتوویان نییەو ئینتیمایان بۆ دەسەڵاتی ئەسەد نەماوە، چونکە وەزعی سوپا خراپە و مووچەیان نییە، هەروەها سەربازی سوری لە سەرکردایەتی خۆیان ڕازی نین.”

دەشڵێت،”سوپای سوریا لە بەرەکانی شەڕ هەڵدێن، خەڵک لە دژیان ڕاپەڕیووە و ئۆپۆزسیۆن نەگەیشتووەتە هەندێک ناوچە، بەڵام خەڵک خۆی ڕاپەڕیووە.”

بەپێی ئاژانسی هەواڵی (ڕۆیتەرز)، دەیان سەربازی سوپای سوریا لە ڕێگەی دەروازەی سنوری قائیمەوە سوریایان بەجێهێشتووە و چوونەتە نێو خاکی عێراقەوە، ئەمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق.

بەپێی وتەی بەرپرسانی باڵای عێراق، ئەو سەربازانە لە ناچاریدا خۆیان ڕادەستی عێراق کردووە، چونکە ڕێگەکان داخراون و ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ ئەو ناوچانەی، کە دەیانویست بۆی بگەڕێنەوە.

بەرپرسانی عێراق دەڵێن، ئەو سەربازانەی سوپای سوریا کە ڕۆیشتوونەتە نێو خاکی عێراقەوە، بە ڕەزامەندی حکومەتی عێراق ڕێگەیان پێدراوە سنور ببەزێنن.

باسم عەوادی، وتەبەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێت: “ژمارەی سەربازە سورییەکان کە هاتوونەتە نێو خاکی عێراقەوە دوو هەزار سەربازن.”

خۆ ڕادەستکردنی سەربازانی سوریا و پەڕینەوەیان بۆ نێو خاکی عێراق لەکاتێکدایە، هێزەکانی سەر بە ڕژێمی سوریا زۆربەی شار و شارۆچکەکان بە بێ بەرگری و شەڕ و ڕووبەڕوو بوونەوەی هێزەکانی دەستەی تەحریر شام بەجێدەهێڵن.

بابەکر زێباری دەڵێت: “عێراق دەتوانێت ئەو سەربازانە ڕادەستی سوریا بکاتەوە یاخود لە عێراق بمێننەوە.”

هێزەکانی دەستەی تەحریر شام دوای کۆنترۆڵکردنی شاری حەلەب دووەم گەورەترین شاری سوریا لە پێشڕەویدان بەرەو شاری دیمەشقی پایتەخت، لە کاتێکدا سوریا هێزەکانی بۆ دەورووبەری دیمەشق پاشەکشە پێدەکات.

بابەكر زێباری دەڵێت: “کەوتنی شاری دیمەشق زۆر نزیکە، چونکە ڕوسیا تاڕادەیەک کشاوەتەوە و ئێرانیش چیتر ناتوانێت هێز ڕەوانەی سوریا بکات و بەرگری لە ئەسەد بکات، ئەمە جگە لەوەی سنوری سوریا لەگەڵ عێراق داخراوە.”

لەکاتێکدا هێزەکانی دەستەی تەحریر شام بەرەو دیمەشقی پایتەختی سوریا پێشڕەوی دەکەن، بەڵام هێشتا داهاتووی حوکمڕانی و چۆنیەتی داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی لە سوریا ڕوون نییە لە حاڵەتی کەوتنی ڕژێمەکەی ئەسەددا.

هەرچەندە دەستەی تەحریر شام و ئەبو محەمەد جۆلانی سەرۆکی دەستەکە لە ڕیزی گروپە تیرۆرستییەکاندا پۆلێنکراون، بەڵام جۆلانی لە میانی گفتووگۆیەکیدا لەگەڵ (سێ ئێن ئێن)ی ئەمریکی جەختیکردەوە، دوای ڕووخانی ئەسەد حکومەتی مەدەنی دادەمەزرێنن.

بابەکر زێباری وتی، “گەر بەشار ئەسەد بڕوات دۆخی سوریا هێور دەبێتەوە، هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت و میللەت حکومەتێکی دیموکراسی دروست دەکات.”

هاوکات لەگەڵ پێشڕەوییەکانی دەستەی تەحریر شام دا بەرەو دیمەشقی پایتەختی سوریا، هێزەکانی سوریای دیموکرات، کە هێزێکی کوردین و بە نەیاری تورکیا هەژمار دەکرێن، بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی سوریایان کۆنترۆڵکردووە.

پێشڕەویکردنی هێزە کوردییەکان و گەمارۆدانی دیمەشق لەلایەن هێزەکانی دەستەی تەحریر شام خوێندنەوەی جیاوازی بۆ داهاتووی سوریا دروستکردووە، گەر ڕژێمەکەی ئەسەد بڕووخێت.

بەشێک لە چاودێران پێیانوایە، گەر رژێمی ئەسەد بڕوخێت دۆخی نوێ لە سوریا دێتە ئاراوە و ئەو وڵاتە بۆ چەند هەرێمێک دابەش دەکرێت، بەشێکی تر پێیانوایە دوای ڕووخانی ئەسەد ململانێی نوێ لە نێوان دەستەی تەحریر شام و هێزە کوردییەکان بە پاڵپشتی تورکیا دێتە ئاراوە.

بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری سەربازی دەڵێت،”دابەشبوونی سوریا خواستی کوردە و زەحمەتە، باوەڕ ناکەم تورکیا ڕێگە بدات سوریا دابەش بکرێت، هەرچەندە ئێستا 40%ی خاکی سوریا لە ژێر کۆنتڕۆڵی کورددایە.”

“بەشار ئەسەد ڕایكرد”
پێت “بەشار ئەسەد ڕایكرد”
نەخشەڕێگای سیاسی چارەسەری دۆخی سوریا ڕاگەیەنرا
دوات نەخشەڕێگای سیاسی چارەسەری دۆخی سوریا ڕاگەیەنرا
پەیوەنیدر