جارێكی دیكە ئەو سێ یاسایەی جێگەی ناكۆكی و مشتومڕی هەر سێ پێكهاتەی كورد و شیعە و سوننەیە سبەینێ دەهێنرێتەوە سەر مێزی پەرلەمان و بڕیارە دەنگیان لەسەر بدرێت، هاوكات هەمواری یاسای بودجەش دەخرێتە دەنگدانەوە.
بەپێی وتەی پەرلەمانتاران، تا ئێستا بەهۆی ناكۆكی و ناڕەزایی لایەنی سوننە بە پڕۆژە یاسای “گێڕانەوەی موڵك و ماڵ و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی بەعس” ڕێككەوتن نەكراوە بۆ تێپەڕاندنی ئەو سێ یاسایەی، كە كورد كردویەتی بە یەك پاكێج و بە مەرجی دەنگدان بەو پڕۆژە یاسایە دەنگ بە دوو پڕۆژە یاسای (لێبوردنی گشتی-سوننە) و (هەمواری باری كەسێتی-شیعە) دەدات.
سەرۆكایەتی دیوانی پەرلەمانی عێراق بڵاویكردەوە، سبەینێ یەك شەممە پەرلەمان لە كاتژمێر 1ی دوانیوەڕۆ كۆدەبێتەوە.
ڕاشیگەیاندووە، بەرنامەی كار ئەوەیە، كە دانیشتنەكە 7 بڕگەی لەخۆگرتووە، كە تیایدا هەر سێ یاسای (لێبوردنی گشتی و گێڕانەوەی موڵك و ماڵ و باری كەسێتی) لەخۆی گرتووە.
هەر بەپێی بەرنامەی كار، سبەینێ گفتوگۆ دەكرێت لەسەر ڕاپۆرتی هەمواری یاسای بودجەی گشتی فیدڕاڵی، كە تیایدا لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان و هەناردەی نەوت هەموار دەكرێتەوە.