لێپرسراوی دەستەی سەرپەرشتیاری لیوای ٣و٧ی تایبەت پەیامێك ئاڕاستەی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی دەكات و ڕایدەگەیەنێت، خەریکە ئەبینە نمونەیەکی ناشیرینی حکومرانی لەسەر ئاستی جیهان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و دەشڵێت: قوت و ژیانی خەڵکتان تێکەڵ بە ململانێی سیاسی و ناکۆکی نێوان خۆتان کردوە لە پێناوی گیرفان و هەژماری خۆتان.
لیوا ئەیوب یوسف، لێپرسراوی دەستەی سەرپەرشتیاری لیوای ٣و٧ی تایبەت لە پەیامەكەیدا دەڵێت: چەندین ساڵە دەستتان ناوەتە بینە قاقای خەڵکی کوردستان و بێ باکن لەوەی ڕوو ئەدات.
دەشڵێت: حکومەتێک نەتوانێت موچەی سێ مانگ بدات بە خەڵک کە مافێکی سەرەتایی خۆیانە ئەوە حکومەتێکی فاشیلە و ڕۆژێک ئەکەویتە بەر شاڵاوی گەلێکی ستەم لێکراو و جەختیشدەكاتەوە، “زگی تێر ئاگای لە زگی برسی نیە”.
ڕاشیگەیاندووە، “بێ هەڵوێست نابم و هەڵوێستم دەبێ و وەک هەمیشە لەبەرەی گەل ئەبم لە بارودۆخە خراپەکان”.
پەیامێک بۆ سەرۆکی حکومەت و جیگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
بارودۆخی خراپ و ناهەمواری کوردستان و دۆخی هاوڵاتیان و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بێ جیاوازی حیزبی و هێزە ئەمنیەکان و مامۆستایان و کاسبکاران ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپی ئەڕوات ، دوو لایەنی و یەک نەگرتوویی کورد و حیزبایەتی هەموو ئینتیمایەکی لەناو بردووە ، کوردستانمان لە دۆخێکی پڕ تەنگەژە و قەیراندایە لە هەموو ڕویەکەوە کە بەرەو کاول بوون ئەچێ ، ئەوەی زیاتر لە پەنجا سالە هەوڵی بۆ ئەدەین و خوێنمان بۆ ڕشتوە بە ساتێک لەدەستمان ئەچێ بە جۆرێک کە سەدان ساڵیتر بۆمان چاک ناکرێتەوە ، خەریکە ئەبینە نمونەیەکی ناشیرینی حکومرانی لەسەر ئاستی جیهان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی پشتگوێ خستن و دابین نەکردنی مافە سەرەتاییەکانیان ئاماژەیەکی خراپە.
قوت و ژیانی خەڵکتان تێکەڵ بە ململانێی سیاسی و ناکۆکی نێوان خۆتان کردوە لە پێناوی گیرفان و هەژماری خۆتان
ژیانی هەزاران گەنج و شیرازەی نێو ماڵی هەموو تاکێکتان تێکدا لە پێناوی بەرژوەندییەکانی خۆتان
خەڵک لە خراپترین بارودۆخدا ژیان ئەگوزەرێنێت
تاکەی هەست بە بەرپرسیاریەتی ناکەن و ژیانی خەڵک هەرزان فرۆش ئەکەن لەسەر خاکێکی پڕ لە سامانی سروشتی.؟
چەندین ساڵە دەستتان ناوەتە بینە قاقای خەلکی کوردستان و بێ باکن لەوەی ڕوو ئەدات .
بۆیە داوایەک ئاڕاستەی ئەوانە ئەکەم کە لە ئەرک و بەرپرسیارێتی و دەسەڵاتدان .
ئەگەر لە خەمی گەل و میللەتی خۆتانن ئیتر دەست لە ناو دەست یەکگر بن لە پێناوی گەل و میللەتی خۆتان و بێدەنگی بشکێنن و هەڵوێست وەرگرن ،ئیتر مەهێڵین غەدر لە چارەنوس و قوتی خەڵک بکرێت و هەمووتان وەرنە سەر شەقام و ئەو بەربەستانە بشکێنن کە ٣٤ ساڵە لەبەردەمی خەڵکی کوردستانە
ئەی داهاتی خاڵە سنوریەکان بۆ کوێ ئەڕوات.؟
باجی دەزگا حکومیەکانی ناو شار چی .؟
حکومەتێک ئەوەنە زاڵم بێت دەست بۆ قوتی خەڵکیک ببات ٤٠ ساڵە ئەچەوسێنرێتەوە لە پای چی.؟
حکومەتێک نەتوانێت موچەی سێ مانگ بدات بە خەڵک کە مافێکی سەرەتایی خۆیانە ئەوە حکومەتێکی فاشیلە و ڕۆژێک ئەکەویتە بەر شاڵاوی گەلێکی ستەم لێکراو
خەباتمان کرد لە پێناوی چی..؟
لە پێناوی ئەوەی ژیانی خەڵک بخەنە ئەو بارودۆخە سەخت و ناهەموار و پڕ قەیرانەوە.؟
من وەک پێشمەرگەیەک خەباتم نەکردوە تاوەکو بگەمە ئەو پۆست و پێگە و لیپرسراویەتە تا بێدەنگ بم لە ئاست زوڵم و ستەم ، ئێمە خەباتمان لە دژی زوڵم و ستەم و داگیرکاری کرد .
تاکەی لە پێناوی بەرژەوەندی خۆتان و مناڵەکانتان یاری بە چارەنوسی خەڵکی کوردستان ئەکەن ؟
دەسەڵاتی خۆسەپێن و زوڵم و ستەم ناچێتە سەر،دونیا دەورانە ڕۆژێک پێگە و کورسیتان ئەکەوێتە لەنگی چونکە
ڕۆژ بە ڕۆژ گوزەران و ژیانی خەلک ئەکەوێتە مەترسیەوە هەروەها مێژوو ئەوەی سەلماندووە کە
برسی کردنی خەڵک ئەنجامی باشی نابێ
»زگی تێر ئاگای لە زگی برسی نیە«
بێ هەڵوێست نابم و هەڵوێستم دەبێ و وەک هەمیشە لەبەرەی گەل ئەبم لە بارودۆخە خراپەکان
لیوا / ئەیوب یوسف سعید
لێپرسراوی دەستەی سەرپەرشتیاری لیوای ٣و٧ی تایبەت