وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، گۆڕانکارییەکانی سووریا ئێمەش دەگرێتەوە بە شێوەیەکی ئەرێنی پێلەقە لە بەختی خۆمان نەدەین، لە بارەی پرسی دواکەوتنی مووچەش دەڵێت، “دواکەوتنی مووچە خەتای حکومەتی هەرێمە”.
ئەمڕۆ شەممە سەعدی پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، کۆبوونەوەی یەکەمی یەکێتی و پارتی بەڕێوەچوو، کۆبوونەوەی دووەمیش لە رۆژانی داهاتوو ئەنجامدەدرێت.
وتەبێژی یەکێتی وتی: “گفتوگۆ لەسەر خاڵە ناکۆکەکان دەکرێت، هیوادارین ئەو دوو لایەنە بە خەیاڵێکی ئارام گفتوگۆیەکی چڕ بکەن بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەربکەن”.
سەعدی پیرە ئەوەشی وت، “هیوادارین هەردوولا رێگری لەوە بکەن کە کۆسپ و تەگەرە بۆ گفتوگۆکان دروستبکەن لەڕێگەی لێدوانی نادروستەوە”.
لە بارەی دواکەوتنی مووچەوە وتی: “بە پینەوپەڕۆ راستییەکان ناشاردرێتەوە دواکەوتنی مووچە خەتای حکومەتی هەرێمە نەک عێراق”.
ئەمە لەکاتێکدایە ماوەی زیاتر لە دوو مانگە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەش نەکراوە و تا ئێستا هەرێم چاوەڕوانی بەغدایە پارەی زیاتری بۆ ڕەوانە بکات بۆ ئەوەی خشتەی مووچە بڵاوبکاتەوە.