ئەمڕۆ پێنج شەممە (5ی کانونی یەکەمی 2024)، سوپای سوریا کشانەوەی خۆی لە شاری حەما و جێگیرکردنەوە و سەنگەرلێدانی لە دەرەوەی شارەكە ڕاگەیاند.
سوپای سوریای بەشار ئەسەد لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزە چەکدارەکانمان شەڕی توندیان کردووە بۆ بەرپەرچدانەوە و پووچەڵکردنەوەی ئەو هێرشە توندوتیژ و یەک لە دوای یەکانەی کە لەلایەن ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە بۆ سەر شاری حەما دەستیپێکردووە لە هەموو میحوەرەکانەوە بە بەکارهێنانی هەموو ئامراز و ئامێرە سەربازییەکان و بە هاوکاری گروپە ژێردەریاییەکان”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا، لەگەڵ چڕبوونەوەی ڕووبەڕووبوونەوەکانی نێوان سەربازەکانمان و گروپە تیرۆریستییەکان و بەرزبوونەوەی ژمارەی كوژراوان لە نێو ڕیزەکانی هێزەکانماندا، ئەو گروپانە توانیان بچنە ناو چەند ناوچەیەکی شارەکەوە، سەرەڕای ئەوەی تووشی کێشە بوون و زیانێکی زۆر لە نێوان ڕیزەکانیاندا هەیە”.
ڕوونیشی کردەوە، “بەمەبەستی پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی سڤیل لە شاری حەما و چڕنەبوونەوەی شەڕەکان لە ناو شارەکان، ئەو یەکە سەربازییانەی لەوێ جێگیر بوون، گواستراونەتەوە دەرەوەی شار و دووبارە جێگیركراونەتەوە”.
سوپای سوریا بەپێی بەیاننامەکە پشتڕاستی کردەوە کە “بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی ئەرکی نیشتمانی خۆی لە وەرگرتنەوەی ئەو ناوچانەی، کە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان چوونەتە ناویەوە”.