سۆران حەمەڕەش
ئەوەی لە ئەلفوبێی سیاسیەت بزانێت ئاگاداری ئەوەیە کە دوای لاوازکردنی حیزبوڵا و حەماس و ئێران، گۆڕانکاری گەورە لەم ناوچەیەدا بەڕێوەیە. ئەم گۆڕانکاریانە کاریگەری گەورەی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی و هاوسەنگی دوو جەمسەرەکەی جیهانیش دادەنێت. لە هەلومەرجی وادا چاوەڕوانی ئەوەی کە کۆبوونەوەیەک یان خۆئامادەکردنێک لەلایەن کورد لە باشوردا ببینیت.
بەڵام وەک لە هەڵبژاردنەکاندا بینیمان کاتێک کە بەرژەوەندی پارتە سیاسیەکان دێتە ئاراوە، هەموو خۆئامادەکردنێک و جوڵەیەک و خۆتەرخانکردنێک دەستپێدەکات. بەڵام کە وڵات و خاک لەژێر مەترسیدابێ نە کۆبوونەوە دەکرێت و نە قسە دەکرێت. ئەوان وەک خەڵکێکی دوورە دەست و ناکارا مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکانی سەر خاک و دەوروبەریان دەکەن.
ڕۆژهەڵات لەم سەد ساڵەدا بە گشتی ئارامیەکی درێژخایەنی بەخۆیەوە نەبینیوە. ئەو نائارامیە بۆ کورد دە جار خراپتر بووە. بۆ ئەوەی بمێنیتەوە لەم جەنگەڵەدا لە نێوان نەتەوەکانی عەرەب و فارس و تورکدا، قسەی خۆش و کوڕوزانەوە بۆ حاڵی خۆمان و مافی مرۆڤ و هەندێک قسەی سەوز و سوری تر، هیچمان بۆ ناکات. ئەوەی کە بۆمان دەکات هێزە. ڕاستە ئێمە لە چوارلاوە دەورمان گیراوە، بەڵام کێ ڕێی گرتووە سی ساڵە هێزێک لە باشور دروست نەبێت؟
کەس ناتوانێت نکۆڵی لەوە بکات کە ئیسرائیل ڕۆژئاوای لە پشتە، بەڵام ئەوان خۆشیان لەپشت خۆیانن. لەم چەند ساڵەی دواییدا پێگەی ئەمریکا و ڕۆژئاوا بە گشتی لە ڕۆژهەڵاتدا خەریک بوو لاواز دەبوو. ئەوە ئیسرائیل بوو کە پێشرەو بوو لە گۆڕینی ئەو هاوکێشەیەدا. ئا لەبەر ئەوەیە کە ڕۆژئاواش پێویستی بە ئیسرائیلە. واتە بەرژەوەندیەکە دوولایەنەیە. لەم هەلومەرجەدا ناتانیاهۆ ڕووبەڕووی یاسای وڵاتەکەی دەبێتەوە بە کەیسی گەندەڵی، لای ئێمە هەرزەکارێکی باوک حیزبی، بە دەمانچە خەڵک دەکوژێت و پۆلیس دەسەڵاتی نیە.
ئێمە هەموو دەرفەتێکمان لە باشوور بۆ هەڵکەوتووە بۆ خۆدروستکردن. لە دوو هەزار و دەدا گەر هێرشێک بکرایەتە سەر باشور، ئەوا خەڵک و هێزەکان تا ڕادەیەک ئامادەییان تێدا بوو، ئەمڕۆ ئەوەشیان نەهێشتووە. لە ڕۆژهەڵات و جیهاندا بۆ ئەوەی کە وەک نەتەوە و کیانێک هەبیت، دەبێت هێزێکت هەبێت. ئێمە ئەمڕۆ لە باشور، هیچمان نیە و ئەوانەی کە بەرپرسیشن لەوە باکیان نیە و خەریکی بازرگانی و خۆشگوزەرانی خۆیانن.
نووسەرێکی ئەوروپی دەڵێت “کۆیلە ئەو کەسەیە کە چاوەڕوانە کەسێک بێت و ئازادی بکات”. ئێمەیان وا لێکردووە و وا تێگەیاندووە و هەندێک جار ڕاوێژکارە زیرەکەکانیشمان مژدەمان دەدەنێ کە “گۆڕانکاریەکان لە بەرژەوەندی کوردن”. وا دەزانن گۆڕانکاری شتێکە لە دەرەوەی ئێمە. ئەوان پێمان دەلێن کە ئەبێت تۆ دابنیشیت و خەڵکی تر بیکات و دواتریش لە بەرژوەندی تۆ بێت.
ڕاستیەکەی ئەوەیە کە بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لە بەرژوەندیمان بێت، دەبێت بەشدار بین لەو گۆڕانکاریانەدا نەک چاوەڕوانیان بین. دەبێت تێبگەین کە گۆڕنکاری بەشێ گەورەی خۆمانین. بۆ ئەوەی کە بەشدار بین تێیدا، دەبێت وەک هێز و ڕێکخراو هەبین. بەڵام لە باشوردا وەک هێز نین و وەک ڕێکخراویش دوو زۆنی ناکارای ناتەباین. وەک کۆمپانیای نەوت فرۆشتن و ئاودیوکردن و دروستکردنی مۆدێلی نوێی تەنورەی کورت هەین.
ئـێمەیان وا تێگەیاندووە کە چاوەڕوان بین ئەمریکا و ڕۆژئاوا بێت شتێکمان بۆ دروست بکات. ئەمە بە کۆیلە کردنی نەتەوەیە، کە چاوەڕوان بێت کەسێک ڕزگارت بکات و خۆت لێ ببێت بە هیچ و ناکارا. ئەوە ئەقڵیەتی ناکاراکردن و بەهیچکردنی کوردە.
هیچ کەس نایەت شتت بۆ دروست بکات کە خۆت هیچت دروست نەکردبێت. ڕۆژئاوا و هەر هێزێکی تری سەر ئەم زەویە هەر شتێک دەکەن، ڕێنماییەکەیان بەرژەوەندیە. کە ئێمە هیچ هێزێکمان نەبێت و کاریگەریەکی ئەوتۆمان لەسەر ڕووداوەکان و بەرژەوەندی و کێشەکان نەبێت. کەواتە نین و کە نەشبیت، بەرژەوەندی ڕۆژئاوا یان هەر لایەنێکی تر ناخوازێت کە هاوکاریمان بکەن و بەشداریمان پێ بکەن. مافی مرۆڤ و دیموکراسیەت و ئەو قسانە، لەبەردەم بەرژەوەندیدا بەهایان نامێنێت. هەر ئەوانەی کە پازدە ساڵ لەمەوبەر ناویان داعش بوو و هەموو ڕۆژئاوا شەڕی لەگەڵ دەکردن، هەر ئەوانە بە ناوێکی ترەوە و لەژێر باڵی تورکیادا هاتوونەتەوە و ڕۆژئاوا و میدیاکەی چاوی لە تاوانەکانیان نووقاندووە، لەبەر ئەوەی کە بەرژەوەندیەکە وا دەخوازێت.
من نامەوێت ڕەشبین بم، بەڵام ئەم خەمساردیەی باشور، یەکێکە لە موعجیزەکانی مێژووی کورد و جیهان. ئەوەی ئەلفوبێی سیاسەت تێبگات، دەزانێت ئەم سیاسەتی نووستووییەی باشور، خۆکوژیە. ناوچەکە لە ناو ئاگردایە، بەڵام لەم چەند ڕۆژەدا پەرلەمان گووتی پێویست بە دانیشتن ناکات لەبەر ئەوەی کە هیچ شتێکی گرنگ نیە لەسەری کۆببنەوە. ئەمە ئەو پەرلەمانەیە کە دەبوو پێشڕەوی هوشیارکردنەوەی خەڵک بوونایە و ئا لەم ڕۆژانەدا ئەندامەکانیان خەو لە چاویاندا نەبووایە.
پارتە سیاسیەکان خۆشیان نەیانەوێت، کورد یەک جەستەیە. تۆ خۆشت بە پارچە ببینیت، بەرامبەرەکەت وەک یەک دەتبینن. کاتێک کە ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا، باکور یان باشور بریندار و لاواز دەبێت، نەتەوەی کورد لاواز دەبێت. جا ئەگەر دژی کوردستان و کوردیش پەروەردە کرابیت، ئەوە ڕاستیەکی ڕوونە و کەس ناتوانێت نکوڵی لێ بکات. ئەوەی کە لە ڕۆژئاڤای کوردستان ڕوو دەدات، ئەوە کێشەی هەموومانە لە هەر بەشێکی ئەم نیشتیمانەدا بین.
هەرچەندە پارتە سیاسیەکانی کورد، ئەندام و هەوادارانیان وا پەروەردە کردووە کە زۆر جار لایەنی دوژمن بگرن بەرامبەر پارت و هێزێکی کوردی، بەڵام ئەو مەترسیانەی بەرامبەر ڕۆژئاڤا دروست بووە، ئەوە مەترسیە بەرامبەر بوونی کورد. ڕۆژئاڤا سەرەڕای ئەو هەموو کێشانەی کە تورک بۆی دروست کردوون، هێشتا هێزێکی یەکگرتوویان هەیە کە دەتوانێت شەڕ بکات و کردووشیەتی. ئەوەی کە ئەلفوبێی شەر تێبگات ئەگەر بێ لایەنانە سەیری ڤیدیۆی جەنگەکانی داعشی باشور و ڕۆژئاڤا بکات، ئەوەی ئەوان لە هی سوپایەکی ڕاهێنرا و ئەوەی باشور لە هی کۆمەڵێک چەکداری بێ سەروبەر دەچێت.
زیاتر لە سەد ساڵ لەمەوبەر، لە ئازەربایجاندا کوردستانی سور ڕاگەیەندرا. ئەوە خێری کەس نەبوو. نەتەوەیەکی ڕەسەن لەسەر خاکی خۆی بوو. ئەمڕۆ کورد بە گشتی ئاگای لەو بەشەی نیشتیمانی نەماوە و چیرۆکی تورکی بۆ ئازەربایجان داڕێژراوە و کورد لەو وڵاتەدا سڕاوەتەوە. ڕۆژانێک لە ئەسپەهانەوە هەتاوەکو تاران کوردی ڕەسەنی تێدا بووە و قسەکراوە و لە سەردەمی ئیسلامدا دەسەڵاتی کورد تا ئەوێ ڕۆیشتووە. ئەمڕۆ پایتەختی ئیمپراتۆریەتی کوردی ئاخێوی مادی، هەمەدان، بەشێکە لە وڵاتی ئێران و بەدەست تورکەوەیە. بەغدا ناوەکەی کوردیە، بەڵام ئەمڕۆ عەرەب کەرکوک بە هی خۆیان دەزانن.
بەو جۆرە ڕەوڕەوەی ڕووداوەکان لە بەرژەوەندی ئێمە ناگوزەرێت. بەڵام ئێمە خۆمان بەشێکین لەو گۆڕانکاری و نەهامەتیانەی کە بەسەرمان دێت. ئێمە لاوازتر دەبین و ئەوان بەهێز تر.
هەمیشە خۆم بەدوور دەگرم لەسەر نووسین لە سەر بابەتێک کە ڕەهەندی سیاسی حیزبی هەبێت بۆ ئەوەی نەکەومە ناو گەمەی بازرگانیی سیاسیەوە. بەڵام ناتوانیت لە بەرامبەر ئەم هەلومەرجە ترسناکەدا بەرامبەر ئەم خەمساردی و بێ پلانیەی باشور بی دەنگ ببیت.
جارێکی تر دەیڵێمەوە کە من نامەوێت ڕەشبین بم و ڕەشبینیش نیم. بەڵام ئەم هەلومەرج و گۆڕانکاریەی کە هاتۆتە پێشەوە، دەرفەتە بۆ گەورەبوون و پوکانەوەمان. بەداخەوە ئێمە لە هەموو لایەک زیاتر نائامادەین بۆی و وەک هێز و خۆڕێکخستن ئێمە نین. ئەم هاوکێشە نوێیە هێز و خۆڕێکخستنی گەرەکە و ئێمە هێز و ڕێکخراو نین. ئێمە دوو زۆنی ناکارای ناتەباین. کەواتە لە گۆڕانکاریە نوێکاندا کە دەستیپێکردووە و دوای هاتنی ترەمپ لە مانگی یەکەوە زیاتر ڕووندەبێتەوە و دەستپێدەکەن، نابین. دوای ئەم گۆڕنکاریانە و بەم حاڵەی کە ئێمەی تێداین، گەر خۆمان نەگۆڕین و ئامادە نەکەین، گەر بشمێنین وەک نەمان وا دەبێت.