وەزیری ناوخۆ ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکیش بێزاربوون لەو بیانووانەی بەغداد بۆ نەناردنی مووچە دروستیان دەکات و دەڵێت، ئامانجیش لێیان برسیکردنی خەڵکی کوردستانە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە هەولێر دەربارەی دواکەوتنی مووچە ڕایگەیاند، هەندێک شتی مووچە لە بابەتی یاسایی دەرچوون و بوونەتە بابەتی سیاسی کە ئامانجیش لێی ئەزێتدان و برسیکردنی خەڵکی کوردستانە.
وتیشی: “هەر کەسێک لە پشت ئەو بڕیارەوە بێت هەڵەیە و خزمەت بە ئاشتی و سەقامگیری پێکەوەژیان لە عێراق هەرێمی کوردستان ناکات، چونکە ئەم بابەتە پەیوەستە بە ژیان و قووتی خەڵکەوە و شتێک نییە کەسێک منەت بەسەر کەسێکی تردا بکات”.
وەزیری ناوخۆ ڕاشیگەیاند، داواکارین بەزووترین کات مووچەکانی هەرێمی کوردستان دابینبکرێن و چیتر بەغداد بیانووی جۆراوجۆر نەهێنێتەوە، چونکە بە ڕاستی حکومەتی هەرێم و خەڵکی کوردستانیش بێزاربوون و چیتر ئەو بیانووانە پەسەند نین.
ڕێبەر ئەحمەد جەختیشیکردەوە کە حکومەتی هەرێم ئەوپەڕی شەفافیەتی پیشانداوە و ئەو داتایانەش کە نەدەبوو ڕادەست بکرێن، ڕادەستی بەغدادمان کردووە.
ئەم لێدوانەی وەزیری ناوخۆی هەرێم دوای ئەوە هات کە دوێنێ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان و پشکی خۆیشی لە بودجە بۆ ڕەوانە کراوە.