زاناو نوسەر و عەللامەی کورد مامۆستا محەمەدی شەڵماشی لە تەمەنی ٨٧ ساڵیدا لە سلێمانی کۆچی دوایی کرد.
مامۆستا شەڵماشی، ناوی موحەممەد کوڕی حمە ئەمینی کوڕی موستەفایە، ساڵی ۱۹۳۷ لە گوندی شەڵماش، سەر بەشاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە.
مامۆستا محەمەد، لە تەمەنی شەش بۆ حەوت ساڵیەوە لە خزمەت باوکیدا قورئانی پیرۆز و کتێبەکانی (ئەحمەدی) و (سمایل نامە) و (باغەبان) و (بیاداود) و (گوڵستان)و (بوستان) و (ناگەهان)یی خوێندووە، کە هەموویان کتێبی ئەدەبین.
دوای ئەوە دەستی کردووە بە گەڕان بە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان، لە ساڵی ۱۹٤۷ چووەتە گوندی (هەنداوێ) لە خزمەت مامۆستا (مەلا حەسەنی سیێ سێری) و پاش ماوەیەک گەڕاوەتەوە ناوچەی (سەردەشت) بۆ خزمەت مامۆستا (مەلا ڕەشید ئەواخیری) پاشان چووەتە (هەناوێ) بۆ خزمەت مامۆستا (سەید جەلال) کە ئەو دەمە موستەعید بووە ، پاشان چووەتە خزمەت (شێخ عیزەددین) بۆ گوندی (کانی ڕەش) دواتریش چووەتە (بۆکان) بۆ خزمەت مامۆستا (مەلا سدیق ئاخ کەندی).
مامۆستا شەڵماشی لەگەڵ مامۆستایەکی برادەری بەناوی (مەلا ئەحمەدی باڵەکی) بەپێ لە بۆکانەوە هاتوون بۆ سەدەشت و لەوێشەوە بۆ ڕانیە و لەوێشەوە بە چەند گوند و دێهاتەوە چوونەتە دەشتی کۆیە و پاشان دواجار چووەتە گوندی (میرزا ڕۆستەم) و لە لای (مەلا عومەری وانەیی) کە موستەعید بووە هەندێ کتێب دەخوێنێ و دوو سێ مانگ دەمێنێتەوە.
هەر لە چوارچێوەی گەشتەکانی گەڕان بە دوای زانستدا، چووەتە گوندی (جڵدیان) لە نزیک (نەغەده) کە دەکەوێتە نێوان (شنۆ) و (مەهاباد) بۆ خزمەت مامۆستا (مەلا عەبدولقادری عەبباسی) و کتێبی (جامی)لە خزمەتیدا خوێندووە.
دوای ئەوەش چووەتە (سەردەشت) بۆ خزمەت مامۆستا (قازی عەلی) کتێبی گلنبووی ئاداب و عەبدوڵا یەزدی لە خزمەتدا خوێندووە ، پاشان چووەتە گوندی (دولکان) بۆ خزمەت مامۆستا (مەلا عەلی مەحموودی) کتێبی (موختەسەر)ی لە لا خوێندووە، پاشان چووەتە گوندی (گەناو) بۆ خزمەت (مەلا ساڵحی نەجیب زادە) کتێبی (جمع الجوامع) و (شەرحی تەهزیب)ەکەی شێخ عەبدولقادری موهاجیر. پاشان چووەتە بۆ دواجار چووەتەوە خزمەت مامۆستا (قازی عەلی) و کتێبی (گلنبوی بورهان) و (تشریح الأفلاک) و (رسالە الحساب) پاش تەواوکردنی ئەم کتێبانە ئیجازەی مەلایەتی پێدەدا کە ساڵی (۱۹٥۷) دەکات.
ئەمڕۆش مامۆستا مەلا محەمەد شەڵماشی کە خاوەنی مەجلیسی ئەولیا، دیمەنی مەرگ، ژیانی پێغەمبەران و دەیان کتێب و دانراوی بە بەهای دیکەیە، لە تەمەنی ٨٧ ساڵیدا لە سلێمانی کۆچی دوایی کرد.