بە هۆی دواکەوتنی مووچەوە، بایکۆتکردنی دەوام فراوانتر دەبێت و بەڕێوەبەرایەتییەکی دیکەی سلێمانیش کارەکانی ڕاگرت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەڕێوەبەرایەتی باجی خانووبەرەی سلێمانی بە هۆی دابەشنەکردنی مووچەوە بایكۆتی ڕاگەیاند.
بە پێی زانیارییەکان، بەشێک لە کارمەندەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە چوونەتەوە بۆ دەوام، بەڵام ئامادەنین کاری هاووڵاتییان ڕایی بکەن.
لە هەفتەی ڕابردووەوە بایکۆتکردنی دەوام لە خوێندنگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی سلێمانی و گەرمیان دەستی پێکردووتەوە، ئەویش بە هۆی ئەوەی تا ئێستا مووچەی مانگی تشرینی یەکەم دابەش نەکراوە.
وەزارەتی دارایی عێراق زیاتر لە 760 ملیار دیناری بۆ مووچە ناردووە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پاساوی کورتهێنان دابەشی ناکات.