بەسەرپەرشتی وەزیرانی ناوخۆ و شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ڕێگەگرتن و نەهێڵانی زێدەڕۆیی لەسەر موڵکی گشتی ئەنجامدرا و وەزیری ناوخۆ بڕیاریدا سەرجەم دام و دەزگاکانی حکومەت بەرپرسیارن لە ڕێگریکردن لەو زێدەڕۆیانەی لە سنووری ئیدارەی ئەوان دەکرێت و دەڵێت: ئەو کەس و لایەنەشی ڕێگەیان بە ئەنجامدانی زێدەڕۆییەکە داوە ڕێکاری یاساییان لە بەرامبەردا بگیرێتەبەر.
ئەمڕۆ چوار شەممە 2024.12.5، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و باڵادەستی یاسا، بە سەرپەرشتی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ لە دیوانی پارێزگای هەولێر بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگار و هەریەک لە جێگران و یاریدەدەری پارێزگار و قائیمقام و بەرپرسانی هێزە ئەمنییەکان و بەڕێوەبەری ناحیەکان و سەرۆک شارەوانییەکان و لایەنی دیکەی پەیوەندیدار كۆبوونەوەیەك سەبارەت بە زیادەڕۆیی ئەنجامدرا.
بەپێی ڕاگەیەنراوی پارێزگای هەولێر، وەزیری ناوخۆ، تیشکی خستەسەر ئەوەی لەو ماوەیەدا هەست دەکرێت زیدەڕۆییەکان ڕوو لە هەڵکشانە و ئەو پرسەش بۆتە مایەی نیگەرانی و ڕایگەیاند، دەبێت ئێوەی بەرپرسانی یەکە کارگێڕی و ئیدارییەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان لە ئاست ئەو بەرپرسیاریەتییە دابن، کە پێتان سپێردراوە و نابێت بەرپرسانی ئیداری خۆیان لەو بەرپرسیاریەتییە ڕاستەقینەی هەیانە بەدەربگرن، سەرجەم دام و دەزگاکانی حکومەت بەرپرسیارن لە ڕێگریکردن لەو زێدەڕۆیانەی لە سنووری ئیدارەی ئەوان دەکرێت.
جەختی لەوەکردەوە، پێویستە بەپێی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان هەر سەرپێچیەک هەبێت ڕاستەوخۆ بڕیاری چارەسەرکردنی لێبدرێت، ئەو کەس و لایەنەشی ڕێگەیان بە ئەنجامدانی زێدەڕۆییەکە داوە ڕێکاری یاساییان لە بەرامبەردا بگیرێتەبەر و وەک تاوانباریش ئیجرائات لەگەڵ هەموو ئەو کەس و لایەنانە بکرێت، کە لەسەر حسابی خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت بازرگانی بە موڵکی حکومەت و گشتی دەکەن.
وتیشی: “دەبێت لە زووترین کاتدا چارەسەری ئەو کێشە دیارە بکرێت و ڕێگەنەدرێت چیتر زێدەڕۆیی ئەنجامبدرێت”، بۆ ئەو مەبەستەش وێڕای ئەوەی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان دەزگا ئەمنیەکان و یەکە ئیداری و کارگێڕی و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی بە پێویست زانی، هەموو پاڵپشتی و هاریکاریەکی وەزارەتی ناوخۆی بۆ ئامادەبووانی کۆبوونەوە دووپاتکردەوە.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، ئەوە خرایە ڕوو، کە زۆرجار کێشە و گیروگرفت و ئاستەنگی چاوەروان نەکراو دێنە پێش، بە جۆرێک دەبنە ڕێگر لە بەردەم چارەسەرییەکان و هەڵگرتنی زێدەڕۆییەکان، بۆیە بە پێویستە زانرا هەر زێدەڕۆییەک لەسەر موڵکی گشتیی ئەنجامدرا، کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نییە، لایەنی سەرپێچیکار ئاگاداربکرێتەوە ئەو زێدەڕۆییە لاببرێت، بە پێچەوانەوە ئیجرائاتی یاسایی پێویستی لەگەڵ بکرێت.