بزوتنەوەی گۆڕان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و نیگەرانی لە دۆخی سووریا خستەڕوو و دەڵێت” پشتگیری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان دەکەین”.
لە بەیاننامەیەکدا بزوتنەوەی گۆڕان کە لەپێگەی فەرمی خۆیان بڵاویانکردۆتەوە هاتووە، گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێشهاتەکانی سووریا سیناریۆی جیاوازی هێناوەتە ڕۆژەڤەوە، لەو چوارچێوەیەدا پرسی کورد لەناو ئەو شەڕ و ئاڵۆزیانەدا، لەبەردەم مەترسی و دەرفەتدایە.
ئاماژە بەوەشدراوە، بە وردی چاودێڕی بارودۆخ و پەرەسەندنەکانی سووریا و ڕەوشی کوردانی لەو ناوچەیە دەکات، هاوکات پشتگیری خۆمان بۆ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان لەبەرامبەر هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆسەر ناوچە کوردنشینەکانی شەهبا و تل ڕەفعەت دەردەبڕین، کە بە هەزاران هاوڵاتی گەمارۆدراون، ئەمەش مەترسی دروست دەکات بۆ ئەنجامدانی تاوان و کۆمەڵکوژی.
دەقی بەیاننامەکەی بزوتنەوەی گۆڕان:
گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێشهاتەکانی سوریا سیناریۆی جیاوازی هێناوەتە ڕۆژەڤەوە، لەو چوارچێوەیەدا پرسی کورد لەناو ئەو شەڕ و ئاڵۆزیانەدا، لەبەردەم مەترسی و دەرفەتدایە، بەتایبەت رۆژئاوای کوردستان دەرگیری پیلانی مەترسیدار و گۆڕانکاری دیموگرافیە.
هەربۆیە، لەڕوانگەی بەرپرسیارێتی نیشتمانی و نەتەوەییەوە، بانگەواز لە هەمو هێزە کوردستانیەکان دەکەین، بۆ پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەییەکان و دوورخستنەوەی گەلەکەمان لە ئاگری شەڕ و ماڵوێرانی؛ بە هەڵوێستێکی هاوبەش پشتیوانی سیاسیی و مەعنەوی رۆژئاوای کوردستان و ئاوارە و قوربانیانی شەڕ بکەین.
بزوتنەوەی گۆڕان بە وردی بارودۆخ و پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی سوریا و ڕەوشی کوردانی ئەو ناوچەیە چاودێری دەکات، هاوکات پشتگیری خۆمان بۆ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان لەبەرامبەر هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆسەر ناوچە کوردنشینەکانی شەهبا و تل ڕەفعەت دەردەبڕین، کە بە هەزاران هاوڵاتی گەمارۆدراون، ئەمەش مەترسی دروست دەکات بۆ ئەنجامدانی تاوان و کۆمەڵکوژی، لەو ڕوانگەیەوە داواکارین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هێزە نێودەوڵەتیەکان و رێکخراوەکانی چاودێری مافی مرۆڤ چاودێری دۆخەکە بکەن، بەتایبەت کە پرسی کورد پێویستی بە چارەسەرە لەڕێگەی دانوستان و دیالۆگی دیموکراتی، نەک گرتنەبەری ڕێگەچارەی چەک و سەپاندنی هێز.