بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی عێڕاق نەخۆشخانەی هیوا ئامێرێکی نوێ بۆ چارەسەری توشبووانی شێرپەنجە بەکاردەهێنێت و دەڵێت” ڕێگری لە هەوڵوەرینی قژی توشبووان دەکات”.
د. شاڵاو حەمەعەلی پزیشک لە نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی رایگەیاند، وەک یەکەمین نەخۆشخانەی حکومی لەسەر ئاستی عێڕاق و هەرێمی کوردستان، ئامێری (Cooling cap)بۆ چارەسەری وەرینی قژ لە کاتی چارەسەرکردنی توشبووانی شێرپەنجە رادەگەیەنین”.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەم ئامێرە بۆ یەکەمجارە لە عێراق بەکاردێت و دەخرێتە خزمەتی توشبووانی شێرپەنجە، و بڕیاریشە لە ئایندەدا نزیکەی 10 ئامێری تری هاوشێوە بهێنرێت و بخرێتە خزمەتی سەرجەم توشبووانەوە.
بەپێی وتەی د.شاڵاو، لە ئێستادا ئەم ئامێرە تەنها بۆ ئەو کەسانە بەکاردێت کە توشبووی شێرپەنجەی مەمک-ن و لە قۆناغە سەرەتاییەکانی نەخۆشییەکەدا، ئەمەش وادەکات ڕیگری بکرێت لە هەڵوەرینی قژیان لەکاتی وەرگرتنی چارەسەر.
ئامێرەکە ناوی (Cooling cap)ە لەلایەن رێکخراوی هۆڕایزۆن و هاما گروپەوە دابینکراوە،ئەم ئامێرە وەک کڵاوێک وایە و دەکرێتە سەری توشبووەکە لەکاتی چارەسەر، کە ڕێگە دەدات بە ساردکردنەوەی چواردەوری مووەکە و پێستەکە، و ڕێگری دەکات لە هەڵوەراندن و مردنی ئەو خانانەی کە مووەکان هەڵدەگرن.
جێی ئاماژەیە، نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی لەسەرەتای دامەزراندییەوە وەک یەکەم نەخۆشخانەی پێوشکەوتووی چارەسەری شێرپەنجە لە هەرێم خرایە خزمەتی هاووڵاتیانەوە و، لە ئێستاشدا بە یەکێک لە گرنگترین ناوەندەکانی چارەسەری شێرپەنجە لە عێراق ئەژمار دەکرێت، بە دابینکردنی ئەم ئامێرەش نەخۆشخانەی هیوا هیوایەکی نوێ بە توشبووان دەبەخشێتەوە، چونکە لەڕێگەی هەڵنەوەرینی قژی توشبووەکەوە دەکرێت باری دەروونی و هیوا بەخۆبوون زیاتر پەرە بسەنێت و ئەمەش وابکات باشتر و بەهێزتر ڕووبەڕووی شێرپەنجە ببنەوە.