فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، دواکەوتنی مووچە، شکستێکی تری دەسەڵاتە و لەو یارییە نابەرپرسانە قێزەونەدا، تەنیا فەرمانبەران و کاسبکاران باجی قورس دەدەن.
فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، فەرمانبەران کە ژیان و بژێوی ماڵ و منداڵیان بە مووچەوە گرێدراوە ، لە ئێستادا کە مانگی دوانزەیە ؛ هێشتا مووچەی هەردوو مانگی دە و یانزەیان وەرنەگرتووە و کاریگەری تاڵ و قورسی لەسەر گوزەرانیان جێهێشتووە ، هەروەها دابەش نەکردنی مووچە ، بازاڕ و کار و کەسابەتی رۆژانەی ئیفلیج کردووە کە جارێکی تر زیانێکی قورسی بە کاسبکاران گەیاندووە .
ئاماژە بەوەشكراوە، دەسەڵات لە بری ئەوەی خەمی ئەو قەیرانە قورسە دروستکراوە بخوات، ڕاگرتنی مووچەی خستۆتە ئەستۆی وەزارەتی دارایی حکومەتی عێڕاقەوە، بێ ئەوەی باسی راستییەکانی دۆسییەی رادەستکردنی داهاتەکانی ناوخۆ و تانکەرەکانی نەوتی مەرزەکان و کێشەکانی ناو لیستی مووچە بکات، لە هەمان کاتدا وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ، بڕیارەکانی دادگای فیدڕالی پەرواێز خستووە و لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا، فەرمانبەرانیان کردۆتە سووتەمەنی کێشە ئیدارییەکانی نێوان خۆیان .
فراكسیۆنی یەكگرتوو دەشڵێت، لەو یارییە نابەرپرسانە قێزەونەدا، تەنیا فەرمانبەران و کاسبکاران باجی قورس دەدەن .
دەشڵێت: داکۆکی سەرسەختانە لە مافی هاووڵاتیان دەکەین و هاوڕێ لەگەڵ فراکسیۆنی یەکگرتوو لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەغدا، لە نزیکەوە بە دواداچوون بۆ ئەم دۆسیە سەرەکییە دەکەین و هەموو رێکارە یاسایی و پەرلەمانتارییەکان دەگرینە بەر بۆ سەندنەوەی مافی ڕەوای فەرمانبەران ، هاوکات داوا لە فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین بەرەیەکی هاوبەش بۆ راستکردنەوەی دابەشکردنی مووچە و گەڕاندنەوەی پاشەکەوت دروست بکەین .
جەختیشی كردۆتەوە، لەم کۆتایی ساڵەدا ، پێویستە حکومەتی هەرێم بە داهاتی ناوخۆ پارە نێردراوەکەی بەغدا پڕ کاتەوە و زۆر بە خێرایی مووچەی مانگەکانی دە و یانزە و دوانزە دابەش بکات، نەک وەک ساڵی ٢٠٢٣ مووچەی سێ مانگ بخۆن و بیکەنە باو کە هەموو ساڵێک بە پاساوی نادروست و نالۆژیکی، مووچەی مانگەکانی کۆتایی بێسەروشوێن بکرێت .
فراكسیۆنی یەكگرتوو دەڵێت، “لە ئیستادا دابەشکردنی مووچە بە گرنگتر دەزانین لە سیناریۆ حزبییە لاوازەکانی دواخستنی پێکهێنانی سەرۆکایەتی پەرلەمان، کە ئەوەش قەیرانی تری بۆ قەیرانەکانی هەرێم زیاد کردووە”.