وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەموو وەزارەت و فەرمانگەكانی لەبارەی پرسێكی تایبەت بە تۆمار و قەیدی جێگیركردنی مووچە ئاگادار كردەوە و بەرپرسی گەنجینەیەكیش دەڵێت: بیانووەكانی دارایی بەغدا بەردەوامن.
لە نووسراوەكەدا ئاماژە بەوە دراوە، بە مەبەستی رێكخستن و جێبەجێكردنی كاروباری ژمێریاری و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە، پێویستە هەندێک قەید مانگانە ڕەچاو بكرێن، هەروەها یەكلاییكردنەوەی بارمتەكانی (لێبڕینی خانەنشینیی باجی دەرامەت) لە مانگی شوباتی 2024 لە نووسراوەکەدا هاتووە.
ئەوەش هاتووە جێگبركردنی (المساهمات التقاعدییە) بە رێژەی ٪12 بۆ مانگەكانی 5 و 6ی 2024، هەروەها جێگیركردنی (المساهمات التقاعدییە) بە رێژەی ٪15 بۆ مانگی 7 بەسەرەوە.
وەزارەتی دارایی ئەوەشی داوا كردووە، لێبڕینی بارمتەی (توقیفات التقاعدییە)، بە رێژەی ٪10 لە مانگی 7 بەسەرەوە لە لیستەكان جێگیر بكەن.
لای خۆیهوه بەرپرسی گەنجینەیەکی سەر بە وەزارەتی دارایی ڕایگهیاند: “ئەو نووسراوە بۆ ئێمە هاتووە، ئەوە بیانووێكی دیكەی وەزارەتی دارایی عێراقە كە بە هەرێمی كوردستانی دەگرێت، دوای ئەو هەموو مانگە كارمان كردووە، هەموو كارەكانی پێشوومان هەڵوەشاوەتەوە و دەبێت دووبارە ئەو خشتانەی كردوومانن بەم شێوازە چاكیان بكەینەوە”.