پەرلەمانتارێکی یەکگرتوو ڕایگەیاند، هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لە پرسی مووچەی فەرمانبەراندا کەمتەرخەمن و نایانەوێت کێشەکە چارەسەر بکەن.
کاوە عەلی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، نەدانی مووچە هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق تیایدا کەمتەرخەمن و نایانەوێت چارەسەری بکەن و ئەوەی لەخەمیاندا نییە چارەسەری بنەڕەتییە.
وتیشی: “بەداخەوە حکومەتی هەرێم، مووچەی هاووڵاتییان بە ئەولەویەتی خۆی و بە ئەرکی خۆی نازانێت، ئەوەندەی چاوی لە تۆڵەسەندنەوەیە، چاوی لەسەر چارەسەر نییە، ئەوەندەی دەیەوێت دەستشکانەوە لەگەڵ مووچەخۆران بکات، خەمیان ناخوات، ئەوەندەی پشت ئەستوورە بە بندیوار، نیو ئەوەندە لە خەمی مووچە خۆری ڕاستەقینە نییە، داهاتی نەوتی قاچاخی ڕۆژانەی زیاد لە ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت، ساڵێکە نەگەڕاوەتەوە سەر داهاتی گشتی و داهاتی ناوخۆ مەرزەکان و هاتووچۆ مانگانە ئەوەندە زۆرە چەند مانگێک پێویستی بە بڕەکەی عێراق نییە”.
پەرلەمانتارەکەی یەکگرتوو دەڵێت: “دیارە حکومەتی عێراقیش ئەوەندە پاک و خەمخۆری هاووڵاتییان نییە، بە پێی بڕیاری دادگای فیدرالی نابێت مووچە ببەستێتەوە بە گرفت و هیچ شتێکی ترەوە، ئایا حکومەتی هەرێم دەتوانێت بەبێ ڕێکەوتنی ئاشکرا یان ژێر بە ژێر لەگەڵ حکومەتی عێراق بەو هەموو نەیارە ئیقلیمیەوە پابەندی بڕیاری دادگای فیدرالی و حکومەتی عێراق نەبێت”.
کاوە عەلی ڕاشیگەیاند، “لە ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ چەند ڕۆژێک پاش ریفراندۆم، حکومەتی عێراق، بە بریارێک و ڕێکەوتنی لەگەڵ ئێران و تورکیا سەرجەم دەروازە و مەرزەکانی لە هەرێم داخست، تەنها لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان ٥٢ مەرزی داخست بە مەرزە فەرمی و نافەرمی و نیمچە فەرمی و لاوەکییەوە، تەنها لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە ٨ مەرزی داخست و دواتر دوای چەندین لیژنەی دەروازە سنووریەکان و دانانی مەرج و جێبەجێکردنی مەرجەکان لە ساڵی ٢٠١٨ ڕەزامەند بوو تەنها دوو مەرز لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بکرێتەوە و تا ئێستاش ئامادە نەبووە بیانکاتە فەرمی، ئەوانیش مەرزی پشتە و مەرزی تەوێڵە بوون و تا ئێستاش حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە حکومەتی عێراق ڕازی بکات بە کردنەوەی شەش مەرزەکەی تر”.
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت ئەو کات حکومەتی عێراق مەرزەکانی داخست، “خێرە ئێستا حکومەتی عێراق بیانووی ڕادەستنەکردنی داهاتی ناوخۆ و بە قاچاخ بردنی نەوت بێت، ئایا ناتولنێت ئێستا ڕێگری بکات!”.
کاوە عەلی ڕاشیگەیاند، بێگومان سەرەڕای تێبینی زۆر لەسەر لیستەکانی مووچە و بە قاچاخبردنی نەوت و زۆری داهاتی ناوخۆ، هەردوو حکومەت هاوڕان لەسەر ئازاردانی هاووڵاتییان و هیچی تر نییە، چارەسەر و ڕێکەوتن ئەگەر ئیرادەیان هەبێت زۆر ئاسانە!”.