لیژنەی دارایی دوایین پەرەسەندنەکانی هەمواری بودجە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەخاتە ڕوو و جەخت دەکاتەوە، کۆبوونەوەی ئەرێنی و باش لەنێوان لێژنەی دارایی و نەوت و وەزارەتی نەوتدا کرا. دەشڵێت: “نەوت هەناردە بکرێتەوە، ناردنی مووچە و بودجەی کوردستان باشتر دەبێت”.
خەلیل دۆسکی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە میدیای پارتی ڕاگەیاند: “چاوەڕوانی خوێندنەوەی دووەم بۆ هەموارکردنی یاسای بودجەی 2025 دەکەین، کە بڕگەیەکی تایبەتە بە تێچووی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، دوای ئەوەی دەنگ لەسەر بدرێت و بچێتە بواری جێبەجێکردن و هەناردنی نەوتی کوردستان دەست پێبکاتەوە، کارەکە زەحمەتیی هەیە، بەڵام دەکرێت و تێدەپەڕێت”.
بەگوێرەی ڕێککەوتنێکی هەولێر و بەغداد، کە تایبەتە بە هەموارکردنەوەی یاسای بودجە، تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ نزیکەی 16 دۆلار زیاد دەکرێت؛ بەڵام دواتر کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاریی نێودەوڵەتیی بێلایەن، وردبینی لە دیاریکردنی تێچووی دەرهێنان و هەناردەی نەوت دەکات و ماوەی 60 ڕۆژ مۆڵەتی هەیە ئەو بڕە ڕاستەقینەیە دیاری بکات.
خەلیل دۆسکی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد: “ئەو 16 دۆلارە بەشێوەیەکی کاتی دەبێت، کاتێک هەفتەی ڕابردوو لە پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاسای بودجە کرا، ڕەزامەندیی زۆر لەسەر ئەو بڕگەیەی هەموارەکە نەبوو، کە باس لە تێچووی دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت دەکات و بەشێکی پەرلەمانتارانیش سەرنج و تێبینییان لەسەری هەبوو؛ بۆ چارەسەکردنی ئەو تێبینییانە، ڕۆژی 1ی12 کۆبوونەوەیەكی ئەرێنی و باش لەنێوان لێژنەی دارایی و نەوت و وەزارەتی نەوتدا کرا”.
جێگری وەزیری نەوت بۆ کاروباری دەرهێنانی نەوت، بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ، بەڕێوەبەری بەشی ئابووری لە وەزارەتی نەوت و بەڕێوەبەری بەشی یاسایی وەزارەتی نەوت، لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی 1ی12 بەشدار بوون.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەشکرد: بریکاری وەزیری نەوتی فیدراڵی، کە لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوو، پشتیوانیی خۆی بۆ هەمواری یاساکە دووپات کردەوە، بە پێویستیشی زانی خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت و دواتریش لە پەرلەمانی عێراق پەسەند بکرێت. وەزارەتی نەوتی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی، پەسەندکردنی هەمواری یاسای بودجە، تاکە چارەی کێشەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستانە.
ئەنجامی کۆبوونەوەکە دەکرێتە ڕاپۆرتێک و ئاڕاستەی پەرلەمانی عێراق دەکرێت، تا دواتر خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری بودجە بکرێت و پەسەند بکرێت.
ئەو پەرلەمانتارە ئاشکرای دەکات هەناردەکرنەوەی نەوت بۆ مووچە و بودجەی عێراق و هەرێمی کوردستانیش گرنگە، وتیشی: “نەوت هەناردە بکرێتەوە، مووچه و بودجەی کوردستان باشتر دەنێردرێت و دەکرێت کێشەکان کەمتر ببنەوە”.
ئەمە لەکاتێکدایە لە 25ی ئازاری 2023وە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە ڕاگیراوە.