پزیشکیان: بۆیەکەمجارە کوردێکی سوننە لە ئێران ببێتە پارێزگار



سەرۆکی ئێران جەخت لە کارکردن بۆ نەهێشتنی ناکۆکی نەتەوەیی دەکاتەوە و دەڵێت بۆ یەکەمجار کوردێکی سوننە لە ئێراندا کرایە پارێزگاری سنە.

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، بۆ یەکەمجارە لە دەوڵەتی ئێمەدا پارێزگاری کورد و سوننە بۆ کوردستان دانرا، ژنان زیاترن لە جاران. هەموو ئەمانە بەبێ پشتیوانی ڕێبەری شۆڕش نەدەکرا.

پزیشکیان وتی: یەکێک لەو بابەتە گرنگانەی کە دەبێت باسی بکەین، یەکگرتوویی نەتەوەییە. بۆ یەکەمجار بوو پارێزگارێکی سوننە و کوردمان بۆ پارێزگاری کوردستان (سنە) دەستنیشان کرد. تا ئێستا پارێزگارێکی کوردمان دانابوو، بەڵام ئەوان شیعە بوون، بۆ یەکەمجاریش پارێزگارێکی کوردی سوننەمان لە کوردستان ناساند.

وتیشی: “بۆ یەکەمجار لە خوزستان عەرەبمان ناساند و قەشقەیمان لە پارێزگاکەی خۆی و بەلوچ لە سیستان و بەلوچستان ناساند. ئەمە ئەو دروشم و باوەڕە بوو کە هەمانبوو کە هەموو ڕەگەز و نەتەوە و سەلیقەیەک بە لێهاتووییەوە بەرپرسیارێتی پێدەدرێت”.

لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، مەسعود پزیشکیان باسی لە پەیوەندییەکانی ئێران و وڵاتانی دراوسێ کرد و ڕایگەیاند، ئێمە لەگەڵ دراوسێکانماندا براین، بەڵام دوژمنان دەیانەوێت ناکۆکی لە نێوانماندا دروست بکەن، بۆیە دەبێت زۆر وریا بین.

سەبارەت بەو زنجیرە پەیوەندییەی کە لەگەڵ سەرۆکی چەند وڵاتێکی ناوچەکەش ئەنجامیدا وتی: “تەوەری گفتوگۆکانم لەگەڵ سەرۆکی وڵاتانی دراوسێ ئەوەبوو کە نابێت ڕێ بە تیرۆریستان بدەین جەنگ هەڵبگیرسێنن و جارێکی دیکە لە ناوچەکەدا خوێن بڕێژرێت”.

پزیشکیان وتیشی: “دەبێت ڕێز لە یەکپارچەیی سەرجەم وڵاتان بگیرێت و ڕێ نەدەین بەوەی لە ژێر هیچ پاساوێکدا یەکپارچەیی هیچ وڵاتێک تێکبدرێت…هەموو توانامان دەخەینەگەڕ بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پشتیوانی وڵاتانی دۆست و برامان دەکەین لە ناوچەکەدا”.

ئەمڕۆ پارەی گەنمی جووتیارانی چەمچەماڵ دابەش دەکرێت
پێت ئەمڕۆ پارەی گەنمی جووتیارانی چەمچەماڵ دابەش دەکرێت
نرخی نەوت و زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێم
دوات نرخی نەوت و زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێم
پەیوەنیدر